کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێڕانەگەیشتن بە بارودۆخی دوو زیندانیی سیاسی کورد لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێراندا

17:08 - 8 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێراندا لە دۆخێکی ناڵەباردان و پێڕاگەیشتن و بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان ناکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی تورەج ئیسماعیلی و قەدریە قادری لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە پێڕاگەیشتن و بەدواداچوون بۆ داخوازییەکان ناکرێت و لە بارودۆخێکی نالەباردان.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، تورەج ئیسماعیلی زیندانیی سیاسی کورد کە لە زیندانی ورمێ‌دا ڕاگیراوە، سەرەڕای داواکاریی ناوبراو بۆ ڕاگواستنی بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی، بەرپرسانی زیندانی ڕێژیمی ئێران ناوبراویان بۆ بەندی زیندانیانی تێوەگلاو لە مادە هۆشبەرەکان ڕاگواستوە.

بەرپرسانی زیندانی ورمێ بەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر هاوکاریی هێزە ئەمنییەتییەکان بکات، دواکارییەکەی جێبەجێ دەکرێت و پێداچوونەوە بە حوکمەکەشی دەکرێت.

پێشتریش لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کردبوو.

تورەج ئیسماعیلی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کرابوو.

لەو پێوەندییەدا، قەدریە قادری زیندانیی سیاسی کورد کە لە بەندی نسوانی زیندانی ناوەندیی یاسووج ڕاگیراوە، سەرەڕای نەخۆشیی عفوونی و ئۆرۆپێدی بۆ نەخۆشخانە ڕانەگواستراوە.

قەدریە قادری، سەرەڕای نەخۆشینی عفوونەتی گوێ، سەر ئێشە و لەمس بوونی دەستی، داواکاریی ناوبراو لەمەڕ بردنی بۆ نەخۆشخانە، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ڕێژیمەوە ڕەت کراوەتەوە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی ناوبراو بارمتەی داواکراو لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ڕێژیمیان جێبەجێ کردووە.

قەدریە قادری، کۆتایی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، لە شاری ورمێ دەستبەسەر و دوای دوو مانگ دەستبەسەری لە ستادی خەبەریی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگواستراوە.

قادری لە دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردەییەکانی دژبەری ڕێژیم، بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و لە دادگای پێداچوونەوەدا، حوکمەکەی بۆ ٧ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی یاسووج گۆڕدرا.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لەمەڕ خۆبواردنی بەرپرسان لەمەڕ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە زیندانیان، بە توندی ڕەخنەیان گرتووە.