کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرچەکرداری ئامریکا بەرامبەر بە قسەکانی خامنەیی

11:38 - 25 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە پەرچەکردارێکدا بەرامبەر بە قسەکانی خامنەیی ڕایگەیاندووە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەسەر سیاسەتەکانی بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران بەردەوامە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە، کە ئامریکا لەسەر سیاسەتەکانی خۆی بە نیسبەت ڕێژیمی ئێران بە توندی پێداگری دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی دەنگی ئامریکا، هێدر ناوئرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا، لە وڵامی پرسیارێکی هەواڵنێری دەنگی ئامریکادا، بە نیسبەت قسەکانی ئەم دواییانەی خامنەیی ڕایگەیاندووە: "ئامریکا سیاسەتەکانی خۆی بە نیسبەت ڕێژیمی ئێران بە ڕوونی باس کردووە و بە توندی پێداگریان لەسەر دەکات".

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، کە ئامریکا تەنیا وڵاتێک نییە، کە بە نیسبەت چالاکییە مەترسیدار و هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە جیهاندا، نیگەرانی هەیە.

ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ دانڵد ترامپ ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەربڕیبوو، ئەگەرچی ئەو داوایەی ترامپ ببووە جێگای مشتومڕی بەرپرسانی ئێرانی، بەڵام خامنەیی چەند ڕۆژ پێشتر هەر جۆرە دانیشتنێکی لەگەڵ ئامریکا ڕەت کردەوە.