کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ئێپیدمیی نەخۆشییەکان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان

13:31 - 16 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: نەخۆشییە پێستی و عفوونییەکان، تەندروستیی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشانی خستووەتە مەترسییەوە.

ژیانی ئاوارەکان، لە ژێر خێوەتەکان و کانکسەکان دوای حەوت مانگ لە ژینگەیەکی ناخاوێن و نەبوونی پێداویستیی بێهداشتی، خەڵک لەگەڵ مەترسیی ئێپیدمیی نەخۆشییەکان بەرەوڕوو کردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشییە پێستی و عفوونییەکان زۆرتر دەبێت.

بە هۆی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم و گرنگی نەدان بە هۆشدارییە پزیشکییەکان و کارناسانی تەندروستی لە هەمبەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، بە هاتنی وەرزی گەرما و زۆربوونی خشووکەکان، بڵاوبوونی نەخۆشی بە خێراییەکی مەترسیدارەوە دەستی پێ کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم، دوای کارەساتەکە بەڵێن و دروشمیان دا، کە پێش لە گەیشتنی وەرزی سەرما، ئاوارەکان بە شێوەی کاتی لە کانکس جێگیر دەبن، بەڵام لێقەوماوان نەتەنیا جێگیر نەبوون، بەڵکوو دەیان کەس بە هۆی سەرما و نەخۆشییە عفوونییەکان، گیانیان لەدەست داوە.

لێقەوماوان، وەرزی سەرمایان بە ئەستەمترین شێوە، لە ژێر بەفر و باران تێپەڕ کرد و ڕێژیمیش هیچ کام لە بەڵێنەکانی جێبەجی نەکرد، دوای تەواوبوونی وەرزی سەرما، چالاکانی مەدەنی و پزیشکەکان هۆشداریان دابوو، کە پێش هاتنی وەرزی گەرما، دەبێ ئاوارەکان لە ژیانی ژێر خێوەت ڕزگارییان بێت، تاکوو بە ئێپیدمیی نەخۆشییەکان تووش نەبن.

زۆربەی کارناسانی تەندروستی، بە بەردەوامی هۆشدارییان دەدا، کە وەرزی گەرما لە بڵاوبوونی نەخۆشییەکان کاریگەریی زۆری هەیە و گیانی ئەو خەڵکە لە مەترسیدایە و بەرپرسانی ڕێژیم دیسان دەستیان کرد بە بەڵێنیدان، کە پێش هاتنی وەرزی گەرما، بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان لە ماڵەکانی خۆیان جێگیر دەبن.

بەڵام هەتا ئێستە بەڵێنەکان بەکردەیی نەکراون و وەرزی گەرمایش دەستی پێ کردووە؛ لەو گرتە ڤیدئۆییانەی کە لە ناوچەکانی بوومەلەرزەلێدراو بڵاو دەبێتەوە، ژیانی ئاوارەکان لەوپەڕی نالەباریدا پیشان دەدات، کە لە کەمترین پێداویستییەکانی ژیان بەتایبەت پێداویستییە بێهداشتییەکان بێبەشن.

کۆبوونی زبڵەکان و نەبوونی ئاوەڕۆ و حەمام و ئاودەست بە ڕادەی پێویست لە نێو کەمپەکان، وێنەیەکی زۆر ناشیرین و دواکەوتووانە و دڵتەزێن نیشان دەدات، بە شێوەیەک کە هەست دەکرێ سەدان ساڵ لەمەوبەرە لە ناوچەیەکی شەڕ لێدراون.

ناوچەکانی سەرپێڵ و قەسرشیرین و ئێزگلە، لە ناوچە گەرمسیرییەکانن و گەرما تەنگی بە لێقەوماوان هەڵچنیوە و دەبێ ئاماژە بکرێت، کە سەرەڕای پیسبوونی شوێنی ژیانی ئاوارەکان و کەمتەرخەمیی شارەوانی ئەو ناوچانە، خشووکەکان و میشەکان کە بۆ بڵاوبوونی ئێپیدمیی نەخۆشییەکان مەترسیدارن، گیانی ئەو خەڵکە بەتایبەت منداڵەکانیان خستووەتە مەترسییەوە.

نەخۆشییەکانی پێستی، عفوونی، سالک، گاڵ، تەمیزکە، زونا و هتد، لەو ناوچانە بە خێراترین شێوە بڵاو دەبێتەوە و لەو وێنانە کە لەو ناوچانە بڵاوبووەتەوە، منداڵێکی زۆر پیشان دەدات کە تووشی ئەو نەخۆشییانە بوونە کە زۆربەیان گشتگیرن و چەندین کەسیش هەتا ئێستە گیانیان لەدەست داوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش، تەنیا وەکوو بینەرێک سەیری لەنێوچوونی ئەو خەڵکە دەکەن و بەبێ ئەوەی کە بۆیان گرنگ بێت، مرۆڤێک لەو بارودۆخە دەژیت و بەرەو مردن نزیک دەبێتەوە، بۆ یارمەتیی فلستینییەکان و سووریە و نۆژەنکردنەوەی و زێڕکاری ئیمام و ئیمامزادەکان لە عێراقدا میلیاردها تمەن خەرج دەکەن.