کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دووهەمین کونگرەی HDP

20:59 - 6 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناردنی پەیامێک پیرۆزبایی پێکهاتنی دووهەمین کۆنگرەی پارتی دێموکراتیکی گەلانی لە کوردستانی باکوور کرد.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:

بەڕێزان/ سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پارتی دێموکراتیکی گەلان

وێڕای سڵاو و ڕێز


ئێمە خۆشحاڵین پیرۆزبایی گەرمی خۆمان بەبۆنەی پێکهاتنی دووهەمین کونگرەی حیزبەکەتان پێشکەش بە ئێوە بەڕێزان، هەموو ئەندامانی بەشدار لە کونگرە و بەگشتی هەموو ئەندامانیH.D.P بکەین. بێگومان هەموو ئاگادارین کە ماوەیەکە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و، ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە و هەل ومەرجی کورد بۆخۆی، لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕەێکی قووڵ دان و، کوردیش زیاتر لە هەموو کاتێک توانیویەتی سرنج و عەتفی دنیا بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و بناسرێ.

ئاکامی ئەو ئاڵوگۆڕانە کاتێک لە بەرژەوەندی ئێمەی کورد و باقی گەلانی تورکیە دا دەبێ کە بتوانین لەم ڕەوتە و ئاڵوگۆڕەکان بەباشی کەڵک وەرگرین و وریا بین. ئەو ئامانجەش کاتێک وەدی دێ کە لەپێش هەموو شتێکدا بە قبووڵ کردنی یەکتر ڕیزەکانمان قایم بکەین بۆ ئەوەی دوژمنان و نەیارانمان کە هەمیشە لە بۆ سەدان بۆمان، درزەکانمان گەورە نەکەنەوە و بەم چەشنە نەتوانن دەرفەتەکانمان لە کیس بدەن.

حیزبی دێموکراتیکی گەلان بەپێی هەل ومەرجی خەباتێک کە ئەوڕۆ پێیدا تێدەپەڕێ، وەک حیزبێکی فەرمی لە بەرفراوانترین و پڕ حەشیمەتترین بەشەکانی کوردستان بەرپەرسایەتیکی مەزنی دەکەوێتە سەرشان.

لە بیرمان بێ کە چۆنیەتی دیاریکردنی چارەنووسی هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و سەقامگیر بوونی دێموکراسی لە تورکیە شوێنەواری خۆی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی تورکیە و بگرە هەموو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێ بە تایبەت باکووری کوردستان کە لە زۆر بارەوە بە تایبەت لە باری سیاسییەوە گرنگی تایبەتی هەیە.

ئێمە لەو باوەڕەداین کە یەکگرتوویی و یەکریزی خوشک و برا کوردەکانمان لە باکوور و درێژەدان بە خەباتی سیاسی ( کە بە شێوەی رێژەیی لە تورکیا رێگە پێدراوە) دەتوانێ زۆر لە ئاستەنگەکانمان لەو بەشە لە سەر رێگا لابەرێ و دەسکەوتی سیاسی زۆرترمان بۆ دەستەبەر بکا کە رەنگە لە خەباتێکی توندوتیژدا پێیان نەگەین.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییانە و هاوپێوەندی و هاوسۆزیمان، هیوادارین کۆنگرەکەتان سەرکەوتوو بێ و ئاکامەکەی ببێتە پەسندکردنی کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردەی ئەوتۆ کە لە بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد لە باکووری کوردستان و پەرەگرتنی دێموکراسی و ئاشتی لە تورکیەدا شوێندانەری ئەرێنی هەبێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

6 /٠١/٢0١٦ی زایینی
16/١٠/١٣٩٤ی هەتاوی