کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسی حدک ئێران بەبۆنەی بەستنی شەشەمین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

23:49 - 14 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: لەسەر داوای فەرمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دەفتەری سیاسیی حدک ئێران پەیامێکیی ئاراستەی لیژنەی ئامادەکاریی شەشەمین کۆنگرەی ئەو حیزبە کرد.


بەڕێز لێژنەی باڵای ئامادەکاری شەشەمین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
لەگەڵ سڵاو و رێزی دۆستانە!

دەعوەتنامەی بەڕێزتانمان لەسەر پەیام بۆ کۆنگرەکەتان پێ‌ گەیشت، زۆر سپاسی هەستی دۆستایەتیتان دەکەین کە ئێمەتان بۆ شەشەمین کۆنگرەی خۆتان بەسەر کردۆتەوە.

لەو پێوەندییەدا گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە ئێوەی بەڕێز ‌و نوێنەرانی کۆنگرە و لە رێگەی نوێنەرانی بەڕێزیشەوە لە سەرجەم جەماوەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکەین. هیوادارین لە ژێر دروشمی دیاریکراوی کۆنگرەکەتان لە پێناو نوێبوونەوەی دیدگاکان ‌و گەشە پێدانی تواناکان ‌و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی پەرەسەندوو و دەسەڵاتێکی عادڵانەدا کەلە ئاکامی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەیەکی ورد و هەمە لایەنەدا دیاری کراوە، کۆنگرەکەتان رەنگدانەوەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچە و خەبات دژی رێژیمە دیکتاتۆر و کۆنەپەرستەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ‌و پەرەگرتنی دێمۆکراسی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێ‌. ئەم دروشمە ویست ‌و داخوازییە سیاسی ‌و مەدەنییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ‌و هەوێنی پێکەوە ژیانی گەلانی ئاشتیخواز ‌و مافویستی پێوە دیارە، ئەمەیش خوێندنەوەیەکی واقیعبینانە ‌و ئەوڕۆییە کە لەلایەن کۆمەڵی نێونەتەوەییشەوە پێشوازیی لێدەکرێ‌، هیوادارین کۆنگرەکەتان بتوانێ‌ بە گوێرەی توانا لە راستای ئەم ئامانجانەدا هەنگاو هەڵبگرێ ‌‌و سیاسەت‌ و رێبازێک دەستنیشان بکا کە یارمەتی بە گەشەکردن ‌و سەقامگیر بوونی پتری دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان ‌و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان‌ بدا.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەک دۆستێکی لەمێژینەتان هیوادارە کۆنگرەکەتان سەرکەوتووانە ئەرکەکانی بە ئەنجام بگەیەنێ‌ ‌و بڕیار و راسپاردەکانی لە خزمەت بەرەو پێش چوونی ئامانجەکانی رێکخراوەکەتاندا ‌و هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بێت.

بە سپاسەوە

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
12ی بانەمەڕی 1391ی هەتاوی
1ی مەی 2012 زایینی