کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات ڕوو لە خەڵکی کوردستان

20:58 - 1 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە پەیامێکدا سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد کە لە ڕووداوی بوومەلەرزەی کرماشان‌ بەم خرۆشانە پیشانیان دا لە بەرانبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەچۆک دانایەن.

دەقی پەیامەکە:

خەڵکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان


ئەگەر بوومەلەرزەی شەوی ٢١ی خەزەلوەری ١٣٩٦ی هەتاوی پارێزگای کرماشان، بانگی مەرگ و وێرانی بەسەر ئەو خەڵکە داخدارەدا خوێند و لە چەند چرکەساتی ئەو شەوە سارد و تاریکەدا دڵی سەدان هاونیشتمانمانی لە ژن و پیاو و گەنج و منداڵ لە لێدان خست و بە هەزارانی دیکەی بە برینداری بەدوای خۆیدا جێهێشت ، ئەگەر بە دەیان میلیۆن کەسی دیکە لە کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستانی دابەشکراو و مرۆڤدۆستەکانی دیکەی لە خەمی ئەو کۆستە گەورەیەدا دڵبریندار کرد، لە بەرانبەردا کارنەڤالێکی جوان و هیوابەخشی لە هاوپێوەندی نەتەوەیی، هاودەردی و یەکڕیزی، لە بەهاناوەچوونی هاونیشتمانە لێقەوماوەکانمان لە سەرانسەری کوردستان بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهێنا.

بوومەلەرزەکەی ئەم جارە، ڕاستە بەشێک لە خاکی ڕۆژهەڵاتی هەژاند، بەڵام گرینگتر لەوەش، ئەو هەژانە بەهێزە بوو کە هەموو کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی لە ماکۆ ڕا تا ئیلامی گرتەوە، هەژانێک کە لە لایەک لەشی هەڵلەرزیوی منداڵەکانی ڕزگار بوو لە مەرگەساتی سەرمای شەوانی ئەو خاکە بەڵالێدراوەی گەرم کردەوە و زەردەخەنەی هیوای خستە سەر لێوی دڵبریندارانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە، کە خۆشەویستەکانیان لە چەند چرکەیەکدا لە دەست دابوو و، خەمی بێکەسی و لێقەوماوی بڕستی لێ بڕیبووون، بەڵام لە یەک کاتدا بە میلیۆنان کوردی هاونیشتمانیان وەک کەسی خۆیان دیت کە خەمە قورسەکانیان لە گەڵیان دابەش کردوون تا ئەو بارە گرانە بە چۆکیاندا نەهێنی.

ئەم هەژانە لە لایەکی دیکەوە هەژانێکی سیاسی بوو، هەژانی کورد لە دژی ڕێژیمێکی جینایەتکاری دژی کورد و ئازادی. چۆنیەتی گەڕاندنەوەی تەرمی ئەبووبەکر مەعرووفی و بە خاکسپاردنی لە شارەکەی خۆی بۆکان، نیشانیدا بێ متمانەیی بە ڕێژیم لە گەیاندنی یارمەتییەکانیان بەدەستی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە، پیلانەکانی سپای پاسداران بۆ بەربەست درووستکردنیان لە ڕێگای گەیاندنی یارمەتییەکان، و دەیان دیاردەی دیکە لە وشیاری، ئیرادە و ئاگایی بەرزی ڕۆژهەڵات و سەردانەنواندنیان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک هەژانی شەوی ٢١ی خەزەوڵوەر بەهێز و شوێندانەر بوو. هەژانێک کە تەواوکەری نەورۆزی جامانەکان و زەماوەندی ئاڵا و خرۆشانی ڕۆژهەڵات لە پێشوازی باشوور لە گشتپرسی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسیان بوو.

خوشک و برایانی تێکۆشەر!

ئێوە بەم خرۆشانە نیشانتاندا نەک لە بەرانبەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لەبەرانبەر بوومەلەرزەشدا بەچۆکدانایەن و هیوا بەرنادەن، بە ئیرادەی بەهێزتان دەتوانن کارەساتە سرووشتییە وێرانکارەکانی وەک بوومەلەرزەش بکەن بە دەرفەت، ئێوە لە بوومەلەرزەش بەهێزترن، بۆیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لێتان تۆقیوە و، بە دایم بۆتان لە پیلان دایە، هەر ئەو هێزە بەتوانایەشە کە ئێوە ناوتان نا ڕاسانی رۆژهەڵات. ڕاسانێک کە خەباتی شار و شاخ لێک گریدەدا تا ڕۆژهەلات بکاتە هێزێکی شوێندانەر لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆی.

سپاس بۆوریایی، ئاگایی و خۆڕاگریتان خەباتتان بەردەوام، هێزتان شوێندانەر و ڕاسانتان هەروا بە تەوژم بێ.

لە کۆتاییدا سەرەخۆشی خۆم پێشکەش بە کەس و کاری گیان بەختکردوانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە و هەموو خەڵکی کوردستانی ئازیزدەکەم، تەمەنای سارێژ بوونەوەی زووتری برینی برینداران دەکەم.