کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

18:16 - 29 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مستەفا هیجری، سەبارەت بەم قۆناغە نوێیەی خەباتی ڕەوای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد.

دەقی پەیامەکە:

خەڵکی ئازادیخواز و خۆڕاگری خۆرهەڵاتی کوردستان!

لاوانی بە هەست و تینوی ئازادی و ڕزگاری!

چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان!


ڕۆڵە بە جەرگ و خەباتکارەکانی ئێوە، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سنوورەکانی کوردستانەوە تا قووڵایی خاکی ئازیزی کوردستان لە پانتایی نیشتمانە داگیرکراوەکەمان، لە لایەن داعشی شێعەی کۆماری ئیسلامییەوە، پۆل پۆل دەگەڕێنەوە باوەشی پڕ لە خۆشەویستیی ئێوە و دایکی نیشتمان.

ئەوان کۆترەکانی ئاشتین کە پەیامی برایەتی و یەکسانیان بۆ هەموو دانیشتوانی کوردستان پێیە، ئەوان ئەو هێزەن کە هاتوون تا دەست لە دەستی ئێوە خەباتی شاخ و شار لێک گرێ بدەن، خەبات بۆ مرۆڤایەتی و ژیانی سەربەرزانەی سەردەمیانە، کە لە پەیامی نەورۆزی ئەمساڵدا ڕامان گەیاند.

ئێمە دڵنیاین کە ئێوە نەک هەر ئەو ڕۆڵە گیان لە سەر دەست و قارەمانانەتان بە گیان دەپارێزن، بەڵکوو هێزی لەبڕان نەهاتووی خۆشتان دەخەنە پاڵ هێزی ئەوان و بە توانای چەند قاتەوە خەباتی خۆتان بۆ ڕزگاری لەژێر دەستی دەبەنە پێش، ئەو توانایەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لێی تۆقیوە.

لەم هەلوومەرجەدا، بە پێویستی دەزانین ڕوو بکەینە هەموو ئەو کەسانەش کە بە هەر هۆیەک چەکی ڕێژیمیان پێیە، یان بە هەر شێوەیەکی دیکە لە دژی هێزی پێشمەرگە و خەڵکی خەباتکار لە پێناو ئامانجە چەپەڵەکانی ڕێژیم هەڵسوورن.

پەیامی ئێمە بۆ ئەو کەسانەش ئەوەیە کە:

پێشمەرگە تەنیا یەک دوژمن دەناسێ ئەویش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە هەموو مافەکانی ئەو گەلە و لەپێشدا مافی ئەو کۆمەڵە کوردانەی پێشێل کردووە کە بە چەکدار کردنیان پیلانی کورد بە کورد بەکوشت دان بەڕێوە دەبا و، لە بەرچاو خەڵکی کوردستان سووک و بێ‌بایەخیان دەکا، ڕێژیمێک کە هەلوومەرجێکی وای بۆ کورد پێکهێناوە ژمارەیەک لەوان لە پێناو پەیدا کردنی نانێکی سەرشۆڕی بۆ خۆیان و منداڵەکانیان ئامادە دەبن دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە، ڕۆڵە خەباتکارەکانی هاونەتەوەی خۆیان سوور بێ.

ئێمە داوا لەو کۆمەڵە چەکدارانە و هەموو ئەو کوردانە دەکەین، کە لە دژی جوڵانەوەی کورد خزمەت بە ڕێژیم دەکەن، تا درەنگ نەبووە، چەکی خەیانەت بە گەل و نیشتمان فڕێ دەن و دەست لە خەیانەت بە نەتەوەی خۆیان هەڵگرن و، نەفرەت بکەن لەو نانەی بە قیمەتی ڕشتنی خوێنی خەباتکارانی کورد پەیدای دەکەن.

ئێمە لە سەرەتاکانی پاییزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویش لەو ڕاستایەدا پەیامێکمان بەو کەسانە دا و، دڵنیامان کردنەوە ئەگەر چەکی خەیانەت فڕێ بدەن و دەست لە کردەوە دژی نەتەوەییەکانیان هەڵگرن، پێشمەرگە دوژمنایەتی ئەوان ناکا، ئێستاش ئێمە بە ناوەڕۆکی ئەو پەیامە وەفادارین و داواتان لێ دەکەین بگەڕێنەوە ڕیزی خەڵک با هەموومان شان بە شانی یەکتر ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕێژیم داماو و ڕیسوا بکەین.

یان لانیکەم لە بەدوادا گەڕانی پێشمەرگە و چاوساغی کردن بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و هێرش کردن بۆ سەر پێشمەرگە خۆ بپارێزن، لە غەیری ئەوەدا دڵنیا بن هێزی پێشمەرگە و خەڵکی تێکۆشەر و شۆڕشگێری کوردستان ناتان بەخشن و درەنگ یا زوو بەرپرسیار دەبن لە بەرانبەر درێژەدانی کردەوە دژی مرۆڤانەکانتان.

بە هیوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی کورد لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری

٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٨ی ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی