کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوان

19:33 - 22 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی لاوانەوە، پەیامێکی ئاراستەی لاوە بە هەست و تێکۆشەرەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و بەتایبەتی کوردستانی خۆرهەڵات کرد.

دەقی پەیامەکە:

لەسەر بڕیاری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان، ڕۆژی ١٢ی ئاگۆست، بە ڕۆژی جیهانیی لاوان ناسراوە، لەو دەرفەتە کەڵک وەردەگرین بۆ دەڕبڕینی پیرۆزباییەکی گەرم لە لاوانی هەموو بەشەکانی کوردستان، بەتایبەت لاوانی خۆرهەڵاتی کوردستان، و هیوای ڕزگارییان لە دەست ڕێژیمی دژی لاوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەخوازین.

لاوە بەهەست و تێکۆشەرەکانی کوردستانی ئێران!

ئێمە لەحاڵێکدا یادی ڕۆژی جیهانیی لاوان دەکەینەوە کە ئێوە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئاخوندی‌دا، لە هەموو حەز و خۆشییەکانی ژیانی لاوەتی بێبەش کراون و ڕۆژانە خەبەری دڵتەزێنی ناردنی پۆل پۆل لە لاوەکان بۆ ژێر پەتی سێدارە و، زیندانەکانی ڕێژیم دەبیسن. دیاریی ئەو ڕێژیمە بۆ هەموو خەڵک و بەتایبەت بۆ ئێوە لاوەکان، لە جیاتی دابین کردنی کار و داهات و شوێنەکانی ڕابواردنی سالم، بریتییە لە بێکاری، بێ‌هیوایی، تووش بوون بە مادە سڕکەرەکان و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان. دڵەڕاوکێ، سووکایەتی‌پێکردن، جیاوازی‌دانان و داپڵۆسین لەلایەن ناوەندە دەسەڵاتدارەکان و بەکرێگیراوانی ئەو ڕێژیمە، ئاوێتەی ژیانتان بووە و بەردەوام بە دەستیانەوە ئازار دەکێشن.
ڕزگار بوون لەو دۆخە سەخت و دژوارە پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێز و لە خۆبوردوویی هەیە.

ملکەچ کردن بۆ ئەو ڕێژیمە و سواڵ کردنی ماف لێی، باری ژیان و ڕووحیتان قورستر دەکا. ڕێگای ڕزگاریی ئێوە و هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، خەباتە لەدژی ئەو دیکتاتۆرە دژی کوردە و، ڕاسانە لە جیاتی ملکەچی و داماوی. ئێوە داینامۆی حەرەکەتی خەباتی شارن بە مەبەستی دەست لەملانی خەباتی شاخ و ئاوێتە بوونی ئەو دووە ئاڵقە بە توانایە، بۆ ئەوەی پێکەوە ببن بەهێزێکی شوێندانەر بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوت کراوەکانتان.

ئێوە توانای دروست کردنی ئەو زنجیرە لەشکان نەهاتوویەتان هەیە.

جڵەوی خەباتی شارەکان بەدەستەوە بگرن و ئازادیی خۆتان بە زۆر بەدەست بێنن، ئێوە هێزێکی لەبڕان نەهاتوون ئەگەر ئیرادە بکەن.

ئەو ساڵ بەکردەوە شۆڕشگێڕانەکانتان کە تا ئێستا لە هێندێک لە شارەکان بەڕێوەتان بردووە، وەڵامی شاختان داوەتەوە، ئەو بەرنامانەتان بەردەوام بێ. دوژمن لێتان توقیوە و سەری لێ شێواوە، سەرکەوتن هی ئێوەیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی

مستەفا هیجری

٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی

١٢ی ئاگوستی ٢٠١٦ی زایینی