کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی فەرمانی جیهادی خومەینی

12:07 - 28 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی فەرمانی جیهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

لە یادی ٣٩ساڵەی فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان

خەڵکی مافخواز و خۆڕاگریی کوردستان!

هاونیشتمانانی خۆشەویست!

٣٩ساڵ لەوەپێش و لە وەها وەرزێکدا، حکوومەتی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە نوێنەرایەتیی بیرۆکەی بناژۆخوازیی مەزهەبی، کە دەیەویست وەک هاوتا داعشەکانی ئەم ساڵانەی دوایی خۆی پێناسە بکات، لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨دا، بە بیانووگەلێکی بەدوور لە ڕاستی و بێبنەما، دەستی دایە هێرشێکی بەربڵاو و هەمەلایەنە بۆ سەر خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

تەنیا ٩ مانگ دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و لە کاتێکدا کە کوردستان وەک دووڕگەی ئەهوەن و سەقامگیر وێنا دەکرا، لە تاران و لە پشت مێحرابی مزگەوتەکان و تریبوونە جۆراوجۆرەکانەوە، دەنگۆ و بۆختان بۆ خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە مافخوازانەکەی هەڵدەبەسترا و بە ئاشکرا بۆ کوشتن و بڕینی خەڵکی کوردستان بانگەوازی جیهاد دەکرا.

 لە لایەک ڕێبەر و ئیمامی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشوو (خومەینی)، کوردەکانی وەک کافر و فاسد پێناسە دەکرد و فتوای جیهادی لە دژیان دەردەکرد و لە لایەکی ترەوە کاربەدەستانی دیکەی ئەم ڕێژیمە بە هاندانی هێزە سەرکوتگەر و دەمارگرژەکان، ڕشتنی خوێنی خەڵکی کوردستانیان بە حەڵاڵ دەزانی و بڕیاری پاکتاوکردن و سڕینەوەی ئەم میللەتەیان دەردەکرد.

لەم ماوەیەدا هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ژیان و گوزەرانی خەڵک لە کوردستان لەژێر کۆنتڕۆڵی ‌هێزە سیاسییەکان کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە گەشانەوە و پێشکەوتن هەنگاوی دەنا، بەپێچەوانەکەی لە تاران و شوێنەکانی دیکەی ئێران، لە ژێر چەپۆکی بیری کۆنەپەرەستانەی کۆمەڵێک ئاخوند و فاشیزمی مەزهەبیدا شێوی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەخێرایی بەرەو پاش دەگەڕایەوە، ژنان بەردەباران دەکران و چارشێوی ڕەش بەسەریاندا دەکێشرا، تاقم و گرووپی تۆقێنەر بەناوی حیزبوڵڵا  ئازادییەکانیان لە خەڵک زەوت دەکرد، دەنگی ناڕازییان و دژبەران کپ دەکران، مافی کەمایەتییە ئایینییەکان پێشیڵ دەکران و ماڵ و سامانیان تاڵان  و ئاگر تێبەر دەدرا، جیابیران دەمکوت دەکران، پێنووسە ئازا و سەربەخۆکان دەشکێندران و ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکان یەک لەدوای یەک دادەخران.

لەو کاتە کورتماوەیە، دوای سەرکەوتنی شۆڕش‌، خەڵکی کوردستان سەردەمێکی نوێی لە ئازادژیان و پێکەوەژیانیانی دێموکراتیکانەی تەجرووبە دەکرد. شۆرای گوند و شارەکان و ئەنجوومەنە سینفییەکان دامەزرا بوون و خەڵک ئازادانەدا خۆیان بەڕێوە دەبرد. لایەنە سیاسی و فکرییەکان ئازادانە بیرۆکەی خۆیان بانگەشە دەکرد و کرانەویەکی سیاسیی واقعی سەری هەڵدابوو. ڕێز لە بێروڕا جیاوازەکان و باوڕە جۆراوجۆرە ئایینییەکان دەگیردرا و ژنان وەکوو نیوەی هێز و وزەی کۆمەڵگا لە گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕەکاندا لە گەشەسەند‌ا بوون. بڵاوکراوە و چاپەمەنییەکان ئازادانە بیروبۆچوونە جیاوازەکانی کۆمەڵگایان بڵاو دەکردەوە و ڕێکخراو و یەکیەتییە جۆراوجۆرەکانی تایبەت بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەرەو پەرەسەندن دەچوو؛ لە پەرەسەند‌دا بوون.

زۆری نەخایاند کە بۆ کاربەدەستانی ڕێژیمی  کۆنەپەرەستی بەدەسەڵاتگەیشتوو ڕوون بوویەوە،  تاقە ڕێگای داسەپاندنی دەسەڵات بەسەر وڵاتدا، دژایەتیکردنی کورد و کوردستان و لەنێوبردنی ئەو ئەزموونە ساوا و لە هەمان کاتدا سەرکەوتوویەی کوردستان بوو. لای ئەوان سەرکوتکردنی کوردستانی ئازاد، گرتنی دوایین سەنگەری ئازادی لە ئێراندا بوو. لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکیی ئەو هێرشە، نەک ئەو ئیدیعا و چەواشەکارییە پووچ و بێمانایانە بوون کە دەکران، بەڵکوو هەبوونی کوردستانێکی ئازاد و دێموکرات و سکۆلار بوو کە بۆ دەسەڵاتی پاوانخوازی ناوەند قەبووڵ نەدەکرا. هەر بەم بۆنەوە، لە ناوەندەوە و ڕاست لە لایەن نوێنەرانی بیرۆکەی ڕەشی مەزهەبییەوە فەرمان دەرکرا، بۆ ئەوەی هەموو هێزە سەرەکوتکەرەکانی ڕێژیم لە هەموو شوێنەکانی  ئێرانەوە ڕەوانەی کوردستان بکرێن.

بەڵام جەماوەری خۆڕاگری گەلی کورد و حیزبە سیاسییەکانی، کە چەند مانگ پێشتری بە شێوازی دێموکراتیک و مەدەنیانە بە بەشدارینەکردن لە بەناو ڕێفراندۆمی! خاکەلێوەی ١٣٥٨دا، بەم ڕێژیمەیان وتبوو نا، بڕیاریان دا بۆ پارێزگاری لەو دەسکەوت و بەهایانەی کە دەستیان کەوتبوو، لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوادا بە هەموو تواناوە لە بەرامبەر هێرشی هێز و لەشکری سەرکوتکەرا بوەستنەوە و بۆ جارێکی دیکە یەکی دیکە بەم نیزامە دژە‌گەلییە بڵێنەوە. لە ئاکامی ئەم بەرەنگارییە ڕەوایەدا بەرانبەر بە هێرشی رێژیم بۆ سەر کوردستان کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردستاندا بە "بەرگریی خەڵکی کوردستان لە شەڕی سێ مانگە"دا ناسراوە، ڕێژیم ناچار بە وتووێژ و گوێڕاگرتن لە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان کرا.

بەم شێوەیە بوو کە کوردستان بە خۆڕاگرییەکی بێوێنه و فیداکردنی گیانی سەدان و هەزاران ڕۆڵەی تێکۆشەر و خەباتکار، خۆی وەک یەکەم سەنگەری بەرەنگاری لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا وێنا کرد و هەتا ئێستایشی لەگەڵ بێت خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە مافخوازەکەی جیدیترین و لێبڕاوترین دژبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.

ئەمساڵ کە ٣٩ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی فەرمانی جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان تێپەڕ دەبێ، لە سەروبەندێکدا ڕێز لە خۆڕاگریی مێژوویی خەڵکەکەمان دەگرین، کە زۆربەی نزیک بە تەواوی شوێنە جیاجیاکانی ئێران بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە هەر کامەیان بوونەتە کوردستانێک و خەڵکی زۆربەی شارەکانی ئێران دژی ئەم دەسەڵاتە هاوهەڵوێستی خەڵکی کوردستانن و داوای ئاڵۆگۆڕی قووڵ و بنەڕەتی لە نیزامی سیاسیی ئەم وڵاتەدا دەکەن.

لەدوای نزیک بە ٤٠ ساڵ لە دەسەڵاتدارێی ئەم ڕێژیمە بە سەر خەڵکی ئێران و کوردستاندا، هەتا ئێستایش ناو و ناوەڕۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خولقێنەر و وەبیرهێنەرەوەی تێرۆر، مەرگ، زیندان، سەرکوت و بەرەو پاشگەڕانەوەیە. بەرهەمەکانی ئەم نیزامە بۆ خەڵک لەم چوار دەیەدا بەشی زۆری بریتین لە: "هەژاری، برسییەتی، گەندەڵی، بێکاری، پەرەسەندنی مەسرەفی مادەهۆشبەرەکان، کەمئاوی، تەڵاق، خۆکوشتن و دەیان دیاردەی دزێوی دیکەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی". سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی تەنیا یەکساڵی ڕابردوو خەڵکی ئێران بەگشتی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، کە خەڵک بەتەواوەتی لەم ڕێژیمە بێزراون و خوازیاری لاچوون و کۆتاییهاتنی ئەم نیزامەن.

لەسەر ئەم شێوه دەسەڵاتانه پێشتریش مێژوو بڕیاری خۆی داوە، هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و دژەگەلیی نەیتوانیوە و ناتوانێ هەتا سەر لە بەرنانبەر ئیرادەی خەڵکەکەی خۆی ڕابوەستێ. کۆماری ئیسڵامیش لەو قاعیدەیە بەدەر نییه. سەروەریی بۆ ئەوانه دەمێنێتەوە کە بەرانبەری وەستانەوە و ئیلهامی ئازادی، سەربەستی و کەرامەتی مرۆڤ هانی دان بۆ دوارۆژێکی گەش کە تێیدا دەسەڵاتێکی دێموکراتیک زامنی مافی هەموومان بێت.

ئێستا کە کۆماری کۆنەپەرەستی تێرۆر و سێدارە ڕووبەڕووی دەیان قەیرانی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی بووەتەوە و کۆمەڵانی خەڵک لێبڕاوانەتر لە هەمیشە بەرانبەری ڕاوەستاون، ئێمە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستمان لە نێو دەستی یەکتر، بە مەبەستی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکراتیک، بە ئیرادەیەکی قورسترەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشاوە یەککەوتووین و خۆ ڕێک دەخەین تاکوو هەنگاوەکانمان پتەوتر لە هەمیشە بەرەوپێش بهاوێین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی