کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ڕووداوەکەی شاری سنە

11:05 - 20 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ڕووداوە دڵتەزێنەکەی شاری سنەوە کە بە داخەوە چەندین هاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە دووتوێی پەیامێکدا هاوخەمی خۆی بۆ خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی داخداری قوربانیانی سنە دەربڕی.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاوخەمی بنەماڵە داخدارەکانی رووداوەکەی سنەین

هاونیشتمانیانی کوردستان،

بنەماڵە داخدارەکانی کارەساتەکەی سنە،

لەو رووداوەدا کە شەوی ١٩ی پووشپەڕ لە بەردەم تێرمیناڵی سنە رووی دا، کە تێیدا تانکەرێکی هەڵگری نەوتی رەش خۆی بە ئوتووبووسێکی موسافیرهەڵگردا داوە و لە ئاکامی تەقینەوەی تانکەرەکە و سووتانی ئوتووبووسەکە بەداخەوە چەندین کەس لە هاونیشتمانیانمان گیانیان لەدەست دا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون و هەروەها چەند ماشێن لەنێو چوون.

رووداوێکی وەها کە وێکڕا دەیان بنەماڵەی کوردستان داخدار دەکا، لە ئاستی کوردستاندا دەبێ بە رووداوێکی دڵتەزێن و نەتەوەی کورد خەمبار دەکا.

وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو کارەساتە، بەناوی رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکان و خەڵکی قارەمانی شاری سنە و هەموو نەتەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات دەردەبڕین و هیوادارین کە بریندارانی ئەو کارەساتە هەرچی زووتر چاک ببنەوە.

ئەم کارەساتە هەرچەند رووداوێکی دڵتەزێنە، بەڵام دەتوانێ ببێتە هەوێنی هاوخەمیی سەرتاسەریی کوردستانیان و هەستی هاونیشتمانی و بەدەردی یەکەوەبوون بەرزتر بکاتەوە.

هەر لەو کاتەدا دەبێ لەبیرمان بێ کە ئەم رووداوە دڵتەزێنانە لەبەر سەرەڕۆیی و بەرژەوەندیخوازیی سەرانی کۆماری ئیسلامییەک روو دەدەن کە گیانی مرۆڤەکان و بەتایبەت مرۆڤی کوردیان بەلاوە هیچ بایەخێکی نییە و تەنیا دەیانهەوێ نەوتی بەشێکی دیکەی کوردستان بە تانکەر بدزن و ئامادە نین کە تەنانەت ڕێگاوبانی تایبەت بۆ ئەو جۆرە گواستنەوانە دروست بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ سەرکوتی کوردستان و ناردنی هێزی تیرۆریستی بۆ سەر پێشمەرگەی کوردستان ڕێگاوبانی نیزامی تا بەرزترین شوێن و لووتکەکان بە دوای پێشمەرگەدا دەکێشن. نەهامەتیی بەردەوامیی کارەساتەکانی تانکەرەکانی ناسراو بە تانکەری مەرگ، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ رێژیمی دژە کوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

جارێکی دیکە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان و هاوخەمی لەگەڵ شاری قارەمانی سنە، هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتر بۆ بریندارەکانی کارەساتەکە دەخوازم و رۆحی قوربانیەکانیش شاد، بەو ئاواتەی کە سەرچاوەی نەهامەتییەکانی کوردستان واتە رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەرچی زووتر وشک ببێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧