کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كورستانی ئێران بە بۆنەی ڕووداوی شاری سنە

18:22 - 20 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كورستانی ئێران بە نیسبەت ڕووداوی دڵتەزێنی شاری سنە پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە و ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانباری سەرەکیی ئەو کارەساتە زانی.

دەقی پەیامەکە:

بەداخەوە سەعات ٢ی سەرلەبەیانی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەری ١٣٩٧، لە ڕووداوێكی دڵتەزێنی پێكدادانی تانکرێکی بارهەڵگری سووتەمەنی لەگەڵ ئوتووبوسێكی موسافیری و كەوتنەوەی ئاگر ٢٧ هاووڵاتی كورد گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەكی بەرچاویش بریندارن.

ئەوە یەكەمجار نییە ڕووداوی هاوشێوەی لەم چەشنە كارەساتبارە لە جاددە و ڕێگاوبانەكانی كوردستان ڕوو دەدا و تا ئێستاش چەندین جار ناڕەزایەتی بەرین لەو پێوەندییەدا لە لایەن خەڵكەوە پیشان دراوە كە بەداخەوە هیچ پێراگەیشنێكی پێنەكراوە و ئەو جۆرە ڕووداوانە هەروا گیانی خەڵکی بێ تاوان دەستێنێ‌.

ئەوەی جێگەی داخە بە جێگەی ئەوەی هێزەكانی ڕێژیم خەمی خەڵک كەم كەنەوە و زیانی زیاتری ئەو ڕووداوە كۆنترۆڵ بكەن بە ماشێنی دژە شۆڕش هاتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و لەگەڵ خەڵكی زامدار تووشی دەرگیری دەبن و بەو هۆیەوە كۆمەلێک خەڵک بریندار و دەستبەسەر كراون.

بەپێی زانیارییەكان ئەو بارهەلگرە باری سووتەمەنی قاچاغی پێ بووە و یەك لەو هەزاران بارهەڵگرەیە كە لە ژێر سەرپەرەستیی سپای پاسدارانەوە هاوردە دەكرێ‌ و دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی تر. 

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەس و كاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزینە و هیوای باشبوونەوەی خێرا بۆ برینداران ، تاوانی سەرەكی ڕوودانی ئەوجۆرە كارەساتانە دەخاتە پاڵ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بە دیاریكراویش سپای پاسداران كە بەشی سەرەكی كەرتی ئابووریی ڕژیمی لەدەستە و مافیای قاچاخ لە وڵاتی ئێرانە. 

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧