کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هەتاو

17:38 - 22 پووشپەڕ 2718

کەریم پەرویزی

نووسین و لێدوان لە سەر رێبەرێکی گەورە و بلیمەتی وەک دوکتور قاسملوو، بوێرییەکی زۆر دەوێ. بلیمەتێک کە نەتەنیا رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نەتەوەکەی بوو و رێبەرایەتیی کاروانی کوردستان بەرەو گەیشتن بە ئازادیی دەکرد، بەڵکوو هەرچی ساڵ و دەیە تێدەپەڕێ، زۆرتر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی شۆڕشگێڕانەی بەرچاوتر دەبێ و رەهەندە قووڵەکانی تێفکرین و هزرەکانی زیاتر لەهەموو کات دروستی و وردبینیان دەسەلمێندرێن و تازەتر لە ئەمڕۆ دێنە بەرچاو.

پەیڤێک دەتوانێ خۆی لە قەرەی بیر و هزری قاسملووی رێبەر بدا کە لانیکەم لەو ئاستە زانایی و خوێندەوارییەدا کە ئەو هەیبوو، خوێندبێتیەوە و تێ گەیشتبێ. ئەمەش بەمانای ئەوە نییە کە هیچ کەس نابێ بیر لە هیچ شتێک بکاتەوە کە دوکتور قاسملوو باسی نەکردبێ و بیری لێ نەکردبێتەوە، یان دەبێ رێک بەو شێوازە تێفکرین و دەربڕینمان هەبێ کە ئەو هەیبووە.

شتێکی سروشتییە کە ژیان دەچێتە پێش و کۆمەڵگاش دەگۆڕدرێ و پارامێترە جیهانی و ناوچەییەکانیش ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێ، بۆیە نەوە بە دوای نەوە پێویستە کە نەتەوەیەک دووبارە و دووبارە خۆی و ئەو دۆخەی تێدایە و ئاواتەکانی و میكانیزمەکانی گەیشتن بەو ئاواتانەی بخوێنێتەوە و هەوڵ بدا رێگای دیکە بدۆزێتەوە، یان رێگا کۆنەکان چاکسازیی تێدا بکات و ئەمڕۆییان بکاتەوە.

بەڵام ئەوەی لەم چەند دێڕەدا دەمەوێ بیڵێم، دووان لەسەر بیری قاسملوو نییە، چوونکە ئەو بوێرییەم نییە کە خۆم لە وەها کانگایەکی گەورەی هزری بدەم، بەڵکوو تەنیا ئەوەندەیە کە ئێمە نەوەکانی دوای قاسملووی رێبەر، کاتێک گوێ لە قسەکانی دەگرین و کردەوە و خەبات و ژیان و شۆڕشی دەخوێنینەوە ئەرکمان چیە؟

ئایا تەنیا وەکوو رووداوێکی مێژوویی چاو لە هەڵوێست و کردەوەکانی بکەین و بە شتێکی ببینین کە تێپەڕیوە و ئەسپێردرا بە مێژوو یان دەبێ رێک هەمان کردار ئەنجام بدەینەوە و دووپاتەی هەمان هەڵوێست و هەڵسوکەت بکەینەوەو لە راستیدا تەنیا کۆپیی ناڕێکی کردارەکانی بکەین؟

ئەوەی بیری لێ دەکەمەوە بریتییە لەوەیکە نەوە و رۆڵەکانی ئەمڕۆ و رەنگە بۆ سبەیش وابێ، کە دۆخی ژیان و شۆڕش و بزاڤی نەتەوەکەمان چاو لێ دەکەین، رێبەرێکی بلیمەت و گەورەی وەکوو دوکتور قاسملوومان لەبەرچاوە و وتەکان و هەڵوێستەکانی رێنوێنی کار و چالاکیمانە، ئەرکمانە کە لە تەوەرە گرنگەکانی بیرکردنەوە و وانەکانی رامێنین و لەسەر ئەساسی هەمان تەوەر بیری ژیان و خەباتی ئەمڕۆمان رێک بخەین.

بە واتایەکی دیکە، رەنگە نەتوانین وەکوو سەرچاوەی هزریی دوکتور قاسملوو وانەکانی وەربگرین و بە هەمان شێوە بیر بکەینەوە و زەحمەتە سروشت بەم زووییانە کەسێکی وەکوو ئەومان پێ بداتەوە، بەڵام دەتوانین ئامرازەکانی بیرکردنەوە و هەڵوێست وەرگرتنمان لەو وەربگرین و ئەمڕۆمانی پێ رێک بخەینەوە.

لە وەها بیرکردنەوەیەکدایە کە دەتوانین بەهرە لە هزر و تێکۆشانی دوکتۆر قاسملوو بگرین و لەهەمان کاتیشدا شتێک بونیات بنێین کە هی ئەمڕۆی خۆمانە، کە ئەگەر خراپمان کرد تاوانەکەی نەخەینە ئەستۆی رێبەری بلیمەتی شەهیدمان.

لێرەدایە کە هزر و کرداری قاسملووی مەزن بۆ ئێمە و نەوەکانی دوای ئێمە وەکوو پەیامی هەتاوی لێ دێ، کە هەرچەند دەستمان بە سەرچاوەی رووناکی واتە هەتاو راناگا بەڵام لە پەیامی هەتاو کە بریتییە لە رووناکی و دژایەتیی تاریکی فێر دەبین و تیشکی هەتاو دەکەین بە رووناککەرەوە و ڕێنوێنی رێگای ئەمڕۆ و سبەینێمان.