کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزب بەبۆنەی جێژنی خاوەنکارەوە

15:08 - 7 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب لە پەیامێکدا بە بۆنەی جێژنی خاوەنکارەوە پیرۆزبایی لە پێڕەوانی یاری کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەبۆنەی جێژنی ئایینیی خاوەنکارەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆم پێشکەش بە هەموو خوشک و برا کوردەکانی پێڕەوی ئایینی یاری دەکەم.

یارسانەکان، بەشێکی ڕەسەنی کوردەکان، بەتایبەت لە کوردستانی خۆرهەڵاتن کە بەبۆنەی جیاوازیی ئایینیەوە زیاتر لە باقی کوردەکان لە ژێر زەخت و گوشار و سووکایەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ئێراندان، بەڵام خۆڕاگریی و بەربەرەکانێی ئەوان، پیلان و گوشارەکانی ڕێژیم بۆ وازهێنانیان لە ئایینی پیرۆزی خۆیانی، پووچەڵ کردۆتەوە.

ئایین و باوەڕی هەر تاکێک و هەر کوردێک لە لای ئێمە جێگای ڕێزە و هیچ کەس مافی سووکایەتیکردنی بە باوەڕ و ئایینی کەسی دیکە نیە و بەتایبەت پێڕەوانی ئایینی یاری کە لە باری ئایینیەوە لە ژێر گوشاری ڕێژیمدان، لە لای ئێمەی خاوەن باوەڕی دێموکراتیک، ڕێزی تایبەتیان هەیە.

دووبارە پیرۆزبایی لە پێڕەوانی ئایینی یاری بەبۆنەی جێژنی پیرۆزی خاوەنکارەوە دەکەین و هیوادارین کە هەروەک لە بڕواکانیاندا دیارە، هەرچی زووتر سێبەری ستەمکار بە سەر کوردەکانەوە لابچێ و دۆستی و ئاوەدانی و ئازادی جێگای بگرێتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری

٦/٨ / ١٣٩٤
٢٨/١٠/٢٠١٥