کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان

18:15 - 4 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی پیرۆزبایی بۆ ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێ کرد.

دەقی په‌یامه‌که:

بەڕێز / کاک عومەر سەید عەلی
رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان

وێڕای سڵاو و حورمەت


بە بۆنەی هەڵبژاردنتان بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەین و هیوادارین کە لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانتاندا سەرکەوتوو و سەربەرز بن.

ئێمەش وەک باقی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان چاوەڕوانیمان ئەوەیە لەو بەرپرسایەتییە گرنگەدا وەک دەرفەتێک کەڵک وەربگرن بۆ پێکهێنانی یەکریزی کورد لە باشوور و یارمەتیدان بۆ چارەسەری ئەو قەیرانانەی لەو بەشەی کوردستاندا بەرەڕوویان بووەتەوە، بە تایبەت قەیرانی سیاسی.

لەم هەلومەرجەدا کە باشووری کوردستان بەرەو گشتپرسی بەمەبەستی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی دەچێ و دوژمنانی نەتەوەکەمان لە پیلانی لەباربردنی ئەو هەنگاوە گرنگ و مێژووییەدان، بزووتنەوەی گۆڕان بە بەرپرسایەتی بەڕێزتان و باقی هاوڕێیانتان دەتوانێ دەوری گرنگ لەم راستایەدا بگێڕێ، هیوادارین لەو بڕگە مێژوویی و هەستیارەدا بە وشیاری لە پێناو بەرژەوەندییەکانی نیشتماندا هەنگاو هەڵبگرن.

جارێکی دیکەش پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری

٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٦ی ژۆئیەی ٢٠١٧ی زایینی