کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی مستەفا هیجری بە بۆنەی جێژنی خاوەنکارەوە

19:36 - 17 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی جێژنی ئایینیی خاوەنكارەوە، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە پەیڕەوانی ئایینی یاری کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پیرۆزبایی لە هەموو خۆشك ‌و براكانمان دەكەین كە پەیڕەوی ئایینی یارین ‌و لەم رۆژەدا رێوڕەسمی تایبەتی بەرێوە دەبەن.

لە ئێرانی ئەمڕۆدا بێجگە لە ئایینی فەرمی كە ئیسلامی شیعەی ولایەت فەقیهییە، پەیڕەوانی باقی ئایینەكان پەراوێز خراون ‌و بێ حورمەتییان پێ دەكرێ، لەم پێوەندییەدا پەیرەوانی ئایینی یاری، زۆرتر لەوانی دیكەش كەوتوونەتە ژێر زەبروزەنگی كۆماری ئیسلامی .

ئامانجی ئێمە دامەزراندنی حكوومەتێكی دێموكراتیك لە ئێراندایە كە لەسەر بنەمای جیایی دین لە دەوڵەت بنیات كرا بێ، بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە بە تایبەت لە كوردستاندا، هەڵگری بیری هەر ئایینێك ‌و نەتەوەیەک بن، بێ جیاوازی دانان لەگەڵ یەك بژین ‌و هەموو ئەو بیر‌وباوەڕانە بە حورمەتەوە سەیر بكرێن.

دڵنیاین بە خەباتێكی یەكگرتوو ئەو ئامانجە دوورە دەست نییە.
بە هیوای ئەو رۆژە

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
مستەفا هیجری