کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی مستەفا هیجری بەبۆنەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی سووریە

01:50 - 22 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی یەکگرتنی چوار حیزبی کوردستانی سووریە پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێز: کاک سعوود مەلا سکرتێری گشتیی پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە
وێڕای سڵاو!
خەبەری یەکگرتنی چوار حیزبی رۆژئاوای کوردستان لە ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی سووریە بۆ ئێمە جێگای خۆشحاڵی بوو، بە تایبەت کە ئەو یەکگرتنە دوای پرۆسەی لێکدابڕان و کەرت بوونی حیزبەکانی کوردی سووریە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هاتەدی.
هیواخوازین ئەم یەکگرتنە ببێتە سەرەتای پرۆسەیەکی دیکە بە مەبەستی هەرچی زیاتر لێک نزیکبوونەوە و یەکگرتنەوەی حیزبەکانی ئەم بەشەی کوردستانی خۆشەویست و لە ئاکامدا بەڕێوەبەری و ئیدارەی هاوبەشی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن هەموو حیزب و پێکهاتە جیاوازەکانی، لەم هەلومەرجە هەستیارەدا کە رۆژئاوای کوردستانی پێدا تێدەپەڕێ.
بەم بۆنەوە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی خۆمانتان پێشکەش دەکەین و ئاواتمان سەرکەوتنتانە بەسەر کۆسپەکانی سەر رێگای یەکیەتیی و برایەتیدا. تکایە پیرۆزبایی ئێمە بە هەموو ئەندامانی لیژنەی مەرکەزی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیتان بگەیەنن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری