کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کۆچەر بیرکار

12:13 - 13 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی بیرمەندی کورد، "کۆچەر بیرکار" کرد.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی پیرۆزبایی ناوەندی هاوكاریی بۆ بلیمەت "كۆچەر بیركار"، براوەی گەورەترین خەڵاتی ماتماتیكی جیهان.

پرۆفسۆر "فەریدوون درەخشانی" ناسراو بە كۆچەر بیرکار، هاووڵاتیی كوردی كوردستانی ئێران و مامۆستای زانكۆی كەمبریجی وڵاتی بریتانیا توانی ببێتە براوەی میداڵی (فیلدز)، بەناوبانگترین خەڵاتی جیهان لە بەشی بیركاریدا و بەو دەسكەوتە مەزنە هەر وەک هیوای بۆ خواست، بوو بە مایەی خۆشحاڵی و شانازیی هەموو تاكێكی كورد.

چیرۆكی پرۆفسۆر كۆچەر بیركار، وێڕای ئەوەی كە دەرخەری هەوڵ و تێكۆشانی بێوچان بۆ وەدیهێنانی خەونی مەزنی تاكێكی كوردە و پڕ لە شانازی و سەرفرازییە، هاوكات قووڵایی تراژیدیای میللەتێكی ژێر ستەم و چەوساوەش دەردەخات و بە دەیان كۆچەر بیركارمان بیر دێنێتەوە، كە لە ژێر سایەی دەسەڵات و حوكمی دژی گەلیانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێگەی گەیشتن بە خەون و ئاواتەكانیان لێ بەربەست كراوە و هەر لە شارەكەی كۆچەر و کوردستان بەگشتی دەیان حاڵەتی هاوشێوە هەبووە، كە بەشیان خەریکبوون بە ژیانی چەرمەسەری و نەهامەتی بووە.

ناوەندیی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، بە بۆنەی ئەو دەسكەوتە پڕ لە شانازییە، پیرۆزبایی لە پرۆفسۆر فەریدوون درەخشانی و سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات و ئومید دەخوازین، ئەو دەسكەوتە سەرەتایەک بۆ سەركەوتنی گەورەتر و درەوشانەوەی زیاتری بەڕێزیان بێ و هاوكات بە ڕووخانی دیكتاتۆریەتی ئێران شاهیدی ئازادی و ڕەخسانی دەرفەتی شیاو بۆ گەشانەوەی هەموو لاوانی وڵات لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا بین.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧