کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕاسان پەیامی هیوایە

21:33 - 8 خەزەڵوەر 2716

ئارەش ساڵح

لە دانیشتنەکەی ڕۆژی ٤ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین میری، سکرتێری حدکا بەڕێز مستەفا هیجری پەیامی ڕاسانی لە سێ خاڵی سەرەکیدا پێشکەش کرد؛ یەکەم، تەواو کردنی درووشم و تێکەڵ بوون بە کردەوە، دووهەم: قەبووڵ کردنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانە وەکوو ڕاستی و سێهەم: بوونی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هێزی شوێندانەر. دیارە حدکا پیشانی داوە کە هێشتا تەنیا لایەنە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە توانای سیاسی و سەربازیی پێکهێنانی جەرەیانی لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە و توانای ئەوەی هەیە کە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە بەشێک لەڕێڕەوی سەرەکیی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. قسەکانی سکرتێری حدکا و بەراوردیان لەگەڵ سکرتێرەکانی دیکە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕاسان سۆنگەیێکی نوێی بۆ حدکا بەرهەم هێناوەتەوە، بۆیە ئەو پەیامەی کە بەڕێز مستەفا هیجری هەڵگری بوو کە پەیامی ڕاسانە، لە ڕاستیدا جیاوازیی جەوهەریی لەگەڵ پەیامەکانی دیکە بوو. دیارە پەیامەکانی تر بە درووستی دەنگدانەوەی ئیستیسال واتە دەستەوەستانییەک بوون، کە لێی هەڵقوڵا بوون.

تایبەتمەندیی پەیامی سیاسی یان باشترە بگوترێت ڕێتۆریکی سیاسی زیاتر لە هەرشتێک گرێدراوی ئەو دۆخەیە کە هەڵگری پەیامەکە خۆی لە نێوی‌دا دەبینێتەوە و تێیدا دەژیت. ئەگەر هەڵگری پەیام لە دۆخێکی ئیستیسال و دەستەوەستانیدا بژی، پەیامەکەی یان ڕێتۆریکەکەی هەڵگری ئەم تایبەتمەندیانەیە: یەکەم، ڕەپاڵدان (فرافکنی). بە واتایێکی تر یاریکەرێک کە خۆی لە دۆخی دەستەوەستانی و ئیستیسالدا دەبینێت هەموو کێشەکان دەخاتە ئەستۆی بارودۆخ یان ئەکتەرەکانی دیکە. لەبەر ئەوەی پێی باشە کە بڵێت هەموو یاریکەرەکان پێکەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدان. دووهەم، درووشمی دوور لە ڕاستی، یاریکەرێک کە پێی وایە لە کردەوەدا هیچ چارەیێکی بۆ نەماوەتەوە، چارەکە لە دانی درووشمی زۆر گەورەدا دەبینێت کە بتوانێت زەینەکان لە کێشەکان دوور بخاتەوە. بۆ وێنە بەهیچ شێوەیەک ناکرێت لە پانێلێکی باس و خواستدا هیچ چەشنە بەرەیێک دابمەزرێت و هەرکەس یەک تۆزقاڵ ئاشنایی لەگەڵ کاری حیزبی و سیاسی هەبێت دەزانێت کە؛ جیا لەوەی کە یاسای حیزبەکان ئەو ڕێگە بەهیچ سکرتێرێک نادات کە سەرەڕۆیانە حیزبەکەی بباتە بەرەیێکەوە، پرۆسەی پێکهێنانی بەرە پرۆسەیێکی زۆر درێژخایەنە، بۆیە درووشمی با لێرە و هەر ئێستا بەرە دابنین لە ناوەرۆکی خۆیدا دروشمێکی بێ‌بنەمایە کە تایبەتمەندیی پەیامێکی سیاسییە کە هەڵقوڵاوی دۆخی گیرۆدەیی بێت. تایبەتمەندیی سێهەمی ئەو چەشنە پەیامانە ئەوەیە کە هەڵگری پەیام خۆی و کۆمەڵگاکەی بە خاوەن ئیرادە و قەرار نازانێت. بۆیە ئەو چەشنە پەیامانە پێیان باشە سەرچاوەی ڕووداوەکان بگوازنەوە بۆ بکەرێک لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان و کۆمەڵگا. ئەگەر بڕیار وایە کە کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستانی ئێران گٶڕان بۆ کوردستان پێک بێنێت، یان ئەگەر بڕیار وایە ئێمە ڕاوەستین تا مەرجە پێکهاتەییەکان، واتە شەرایێتی ساختاری ئامادە بن، ئیتر پێویستی وجوودیمان وەک هێزی شۆڕشگێر لە کاتی ئێستادا چۆن دەتوانین لێکبدەینەوە؟ ئەگەر لێکدانەوەی ئێمە لەسەر ئەو ئەساسە بێت پێویستە ئەو ئاکامە مەنتێقییە قەبووڵ بکەین کە هەبوونی چەند حیزبی چەک بەدەست لە باشووری کوردستان نەک تەنیا هیچ یارمەتیێک بە چارەسەری کێشەکە ناگەیێنێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە یەکەم، کۆمەڵگای مەدەنی هەزینە و تێچووی زیاتر بدات و دوووهەم، مەرجی پێکهاتەیی یان شەرایتی ساختاری سەرسەختانە لەبەرامبەر گۆڕانی دڵخوازی ئێمە بەرنگاری بکات.

پەیامی ڕاسان کە لەو دانیشتنەدا بەڕێز هیجری نوێنەرایەتی دەکرد، هەڵگری سێ خاڵی سەرەکی بوو کە ئەوی جیاواز دەکرد لە پەیامەکانی تر. یەکەمیان ئەوە بوو کە درووشم بەسە. ساڵەهایە ئێمە پێمان وایە کە خەڵک لە هیچ تێناگەن. بۆیە ئێوارە ئینشێعاب لێ دەدەین و پێش ئەوەی کە ٢٤ کاژێر بەسەر ئینشێعابدا تێپەڕێت، هەر مایکرۆفۆنمان بینی خۆمان بە کەسێکی جیاواز لەقەڵەم دەدەین و باسی یەکگرتوویی دەکەین.

ساڵەهایە ئێمە پاڵمان داوەتەوە و خۆمان لە بەرەیەكدا دەبینین کە کاپیتالیسم و ئیمپێڕیالیسم دەڕووخێنێت. ساڵەهایە کە هیچ خواستێکمان بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاری لە کوردستانی ئێران نەماوە کەچی کە دێینە میری، تەنیا بۆ ئەوەی هەموو کەس بە قەد خۆمان تاوانبار بدەینە بەرچاو، باس لە پێکهێنانی بەرە دەکەین لە چەند خولەکدا. بۆیە پەیامی ڕاسان جیاوازیێکی سەرەکی هەیە ئەویش ئەوەیە کە پێش ئەوەی هیچکام لەو درووشمانە بدەین و پێش ئەوەی باسی یەکگرتن و بەرە بکەین، پێویستە زەمینەیێکی چالاکی هەبێت کە بۆ بەهێز کردنی لەگەڵ یەک ڕێک کەوین. ئایا لە کاتی ئێستادا ئەو حیزب و لایەنانە کە دەیانەوێ لەگەڵ حدکادا بەرە پێک بێنن ئامادەن کە تێکەڵ بە ڕاسان بن؟ یان زەمینەیێکی چالاکیان هەیە کە بتوانین پێکەوە لەسەری کار بکەین؟ ئەگەر وەڵامی ئەو دوو پرسیارە نا یە، بەرەیێکی هاوبەش چ کارکردێکی دەبێت بێجگە لە یەکخستی بۆڵەبۆڵەکان و گلەیی و گازندەکان؟

خاڵی دووهەم ئەوەیە کە؛ کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا واقعیەتێکە کە بەقەدەر واقعیەتی کۆماری ئیسلامی گرینگە. ئیرادەی شۆڕشگێڕانە ڕاستیێکە کە پێویستە لەلایەن ئەو هێزانەی کە خۆیان بە هێزی ڕزگاریخواز دەزانن هەستی پێ بکرێت. بەڕێز هیجری بە درووستی ئاماژەی بەوە دا کە هەموو ئەو نیزامە دیکتاتۆریانە کە ڕووخاون سەردەمێک ڕاستیێک بوون کە بە هیچ شێوە بە بیری کەسدا نەدەهات کە درزیان تێ دەکەوێت. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کە کۆماری ئیسلامی ئەزموون و زانستی خۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی شۆڕش و شۆڕشگێڕان زیاد کردووە، یەکێک لە تاکتیکەکانی ئەوە بووە کە ئەو وەهمە بخاتە مێشکی نەیارانیەوە کە ئیمکانی ئەوەیان نیە کە بتوانن لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بەرنگاری بکەن. بۆیە جیاوازیی پەیامی ڕاسان ئەوەیە کە بە ئەسالەتدان بە ئیرادەی شۆڕشگێڕانە دەری دەخات کە دیکتاتوری تەنیا ڕاستیی نێو کۆمەڵگا نیە، بەڵکوو ڕاسانیش واقعیەتێکی ترە کە خەریکە هێدی هێدی خۆی لە بەرامبەر نیزامی دیکتاتۆریدا دەخاتە ڕوو.

پەیامی سێهەمی ڕاسان ئەوەیە کە؛ کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێتە هێزی شوێندانەر. بە چاو کردن لە ئەزموونەکانی دنیا و دەوروبەرمان، لە ئیرلەندی باکوورەوە بگرە تا ئەزموونی کوردستانی باکوور، هەبوونی شۆڕشێکی چەکداریی بەهێز پێویستیێکی حاشا هەڵنگرە بۆ ئەوەی هەموو باڵەکانی ناو کۆمەڵگا ببن بە هێزی شوێن دانەر. لە ڕاستیدا خەباتی چەکداریی بە هێز کە یەکێکە لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ڕاسان، دەتوانێت گرینگیی هەموو لایەنەکانی نێو کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئێران بباتە سەرەوە. لە ڕاستیدا ئەگەر هەدەپە دەتوانێت سەنگی لە هاوکێشەکاندا هەبێت، بەشێکی زۆری لەبەر هەبوونی خەباتێکی چەکداریی بەهێزە لە کوردستانی باکوور، ئەگەر سەلاحەدین دەتوانێت لە شاردا ڕێبەرێکی کارامە بێت، تەنیا لەبەر ئەوەیە کە نوورەدین لە شاخ دەتوانێت هێزێکی سەربازیی بەتوانا بێت. (نوورەدین دەمیرتاش برای سەلاحەدین دەمیرتاشە کە لە شاخ فەرماندەیێکی کارامەی سەربازییە)

بۆیە سێ خاڵی سەرەکیی پەیامی ڕاسان کە بریتین لە تەواو کردنی درووشم، قەبووڵ کردنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانە وەکوو ڕاستی، و بوون بە هێزی شوێندانەر، لە ڕاستیدا هەموو ئاماژە بە یەک خاڵی دیکە دەکەن کە بەڕێز هیجری لە قسەکانیدا ئاماژەی پێ دا، ئەویش هیوایە. پەیامەکەی ڕاسان لە دانیشتنەکەی میری دا و لە ناو کۆمەڵێک پەیام کە باسیان لە ئیستیساڵ، دەستەوەستانی و بێ چارەیی کوردی ڕۆژهەڵات دەکرد، پەیامی هیوا بوو. پەیامێک بوو هەڵگری ڕاسان و هەستانەوە و ژیانەوە.

پێوستیی ئەمڕۆی کوردستانی ئێران ئەو پەیامەیە نەک دووپات کردنەوەی ئەو ڕاستییانەی کە ئیتر هەموو کۆمەڵگای کوردستان بوونەتە شارەزایان یان دووپات کردنەوەی هەندێک درووشم و ژێستی سیاسی کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لەبەری کردوون. ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بەوە هەیە کە باس لە چارەسەر بکرێت، پێویستی بە پەیامێک هەیە کە ئیرادەی بۆ بگەڕێنێتەوە، پێویستی بە پەیامێک هەیە کە هیوابەخش بێت.

وەکوو مامۆستا شەریف دەڵێت هەتا من لە بیرم دێ/ ئەم وشانە دەوترێ .. ئیتر لایان بەین لە بیر/ دەس کەینە ڕا و تەگبیر.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە