کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی رۆژی جیهانیی لاوانەوە

12:33 - 21 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٢ی ئوت ڕۆژی جیهانییی لاوان کە لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە دیاری کراوە، پەیامێکی ڕوو لە لاوانی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکەیان بەم چەشنەیە:

پەیامی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی رۆژی جیهانیی لاوان

لاوانی کوردستان

لە کاتێکدا لە زۆربەی وڵاتانی دونیا ئامادەکاری بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانیی لاوان دەکرێت و ئەو لاوانەی لە وڵاتێکی ئازاددا دەژین و حکومەتەکانیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی لاوان لەوانەش پەروەردە و ڕاهێنانی لاوان بۆ هەبوونی ژیانێکی باشتر وەک یەکێک لە بەرنامەکانی سەرەکی و گرنگ بەردەوام هەوڵ دەدەن، لاوانی کوردستان لە رۆژهەڵاتدا بە هۆی هەبوونی حکومەتێکی ملهۆڕ نەتەنیا لە زۆربەی مافەکانیان و ئازادییە تاکەکەسی و گشتیەکانیان بێبەش کراون بەڵکوو ڕووبەڕووی دەیان پیلانی دزێوی تر دەکرێنەوە بۆ ئەوەی نەتوانن ژیانێکی سەربەست و خوشگوزەرانی شیاوی تاکێکی سەردەمیان هەبێت.

لە کاتێکدا ڕۆژی جیهانیی لاوان  لەژێر دروشمی "دروست کردنی دونیایەکی باشتر لە گەڵ لاوان" بە مەبەستی گرنگیدان بەو توێژە بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانیان، لە لایەن ڕێکخراوی نێونەتەوەیی یونێسکۆوە دیاری کراوە کە دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بە هەموو شێوەیەک بە دژی ماف و پێداویستییەکانی لاوان دەجووڵێتەوە و تەنانەت ڕۆژانە وێڕای ئازار و ئەشکەنجەی لاوان، بە بیانووی جۆراوجۆر بە دەیان لاوی بێتاوان بە هۆکاری جیاواز و یەک لەوان کۆڵبەری گیانی خۆیان لەدەست دەدەن.

ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی هیوا و دڵخۆشییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتانە، پەیوەست بوونی ڕۆژانەی لاوانی خوێنگەرم و نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵات بە ڕیزی شۆڕشە کە بە رێگەی جیاواز خەبات دەکەن لە پێناو نرخ و بەهای گرینگی وەک ئازادی و تەنانەت لەو ڕێگە پیرۆزەدا ئامادەن ژیانیان بکەنە پردەبازی ئازادی و شەهید ببن.

لەم پێناوەشدا رێکخراوەکەمان زیاتر لە پیرۆزبایی، ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە تاکوو ئەرکە نیشتمانییەکانمان وە بیر هەموو لایەک بهێنینەوە و هەمووان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئێمەش وەک لاوانی دیکەی جیهانی سەربەست لە وڵاتی خۆمان و لە ئازادیدا پیرۆزبایی ئەم ڕۆژانە لە یەکتر بکەین و هاوشانی لاوانی دونیا، شاد بین و حکومەتەکانیش وەک دەرفەتێک بڕواننە لاوان نەک مەترسی.

پیرۆز بێ ڕۆژی جیهانیی لاوان لە هەموو لاوانی دونیا بە گشتی و لاوانی کوردستان بەتایبەتی

یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ی ئوتی ٢٠١٨ی زایینی

٢١ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی