کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە بەردەوامن

14:33 - 26 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بەردەوامن و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمان نوێ دەکەنەوە.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە شارەدێی پەسوێ سەر بە پیرانشار لە بەرزترین شاخی پەسوێ ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد.

هەروەها بە بۆنەی ۲۵ی گەلاوێژ، ئەندامانی بەوەجی حیزبی دێموکرات لە گوندی "شیان"ـی سنە بە شێوەیەکی بەرین چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد. لەو چالاکییەدا زۆربەی کوچە و کۆڵانەکانی گوند بە دروشم و پوستێری تایبەت بەو یادە ڕازێندرایەوە و هەروەها ئاگری پیرۆزی ۲۵ی گەلاوێژ هەڵکرا.

لەلایەکی دیکەشەوە تێکۆشەرانی دێموکرات لە مەهاباد، ئاڵای کوردستان یادگاری کۆماری کوردستان و ئەمانەتی پێشەوا قازی محەممەدیان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە تەپەی "سەیران"، کە دەڕوانێتە باخی میکاییل و ناو شاری مەهاباد هەڵکرد.

هاوکات کاتژمێر ٤ و ٣٠ خولەکی هەمان ڕۆژ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب ئاڵایەکی کوردستانیان بە درێژایی دوو میتر هەڵدا کە هەتا درەنگانێک لە باخی میکاییل دەشەکایەوە و ببووە مایەی خۆشحاڵیی ئەو خەڵکەی لەو شوێنە بوون.

هاوکات لە "گۆکتەپە" بە بۆنەی ۲۵ی گەلاوێژ چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو و دروشمی وەک "مەرگ و نەمان بۆ جاش و خۆفرۆشەکان و حکوومەتی سێدارەی ئێران، ئێرە شاری قازی محەممەد مەکۆی دێموکرات بە کاتی ڕاسانه و ڕاسان بەردەوامە"یان نووسی.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری بانە بە بۆنەی ٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە کێوی "دووزین" تراکت و پۆستێری تایبەت به ٢٥ی گەلاوێژیان بڵاو کردەوە.

ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری سنەی دێموکرات به بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە شوێنەکانی وەک "بەهاران، زانکۆی پەیامی نوور و شەقامی سەرەکیی بەهاران" وێنە و پوستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.

لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکاندا تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری نەغەدە چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هاوکات ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ، وێڕای بەرزڕاگرتنی ٢٥ی گەلاوێژ، لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان و بەتایبەت لەگەڵ ڕێبازی ٦ شەهیدی نوێی حیزبی دێموکرات پەیمانی وەفاداریان نوێ کردەوە و بەڵێنییان دا کە تۆڵەی ئەو تاوانە دەستێننەوە.