کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی وڵات بەردەوامە

23:29 - 29 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆدا ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:

هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیاندا لە نێوخۆی وڵات رۆژی یەکشەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی چوونە نێو ئاوایی دەرەزیارەتی سەرێ لە ناوچەی سەرشیوی سەقز و لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵکی ناوچە بەرەوڕوو بوونەوە.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند کە لەلایەن فەرماندەی پێشمەرگەکانەوە کۆبوونەوەیەک بۆ خەڵکی ئاواییەکە بەڕێوە چوو و یادی شەهیدی مەزن، دوکتور قاسملووی نەمر بەرز ڕاگیرا.

فەرماندەی ئەم هێزه هەر لەم کۆبوونەوەیەدا باسی لە قۆناغی نوێی خەباتەکەمان واتا ڕاسان کرد و لە سەر ئەرکی خەڵک و پێشمەرگە لەم بارەوە جەختی کردەوە.

پاش تەواو بوونی کۆبوونەوەکە، پێشمەرگەکانی کوردستان لە سەر مزگەوتی ئاوایی ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵکرد و بۆ درێژەدان بە کار و چالاکییەکانیان شوێنەکەیان بە جێهێشت.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەروەها ڕایگەیاند کە رۆژی دواتر واتا رۆژی دووشەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بەکریگیراو و جاشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ترسی هەبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕژانە نێو ئاواییەکە و هاوکات لە گەڵ هێنانە خوارەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، چەند کەس لە خەڵکی ئاواییان دەسبەسەر کرد.