کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکانی ئەندامانی حیزب لە شارەکانی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ درێژەی هەیە

14:29 - 24 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا:  ئەندامان و پێشمەرگەکانی شاری حیزبی دێموکرات لە بەرەبەرەی هاتنی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستان چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبیان بەرز ڕاگرت.

ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوخۆی وڵاتدا بەبۆنەی هاتنی ٢٥ی گەلاوێژ لە شارەکانی بانە، پیرانشار و مەهاباد بەبڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە گوندی شیناوێی پیرانشار ئەندامانی حیزبی دێموکرات پلاکاردێکیی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژیان لە ڕێگای چوونە ژوورەوەی گوند هەڵواسیبوو و تەقەی خۆشییان بەم بۆنەوە کرد.

هەروەها پێشمەرگەکانی شار جەولەیەکییان لە نێو شەقامە سەرەکییەکانی شاری پیرانشار و کۆنە خانێ و مەیدانی محەممەد ئەوراز و ناوچەی زەرگتن ئەنجام دا، کە تراکتی حیزبییان بەم بۆنەوە لە ناو خەڵکدا بڵاوکردەوە؛ لە درێژەی کارو چالاکییەکانی ئەم پۆلە پێشمەرگەی شار هۆشدارییان بە جاش و خۆفرۆشان دابوو کە دەست لە کارە دزێوەکانیان هەڵبگرن و بگەڕێنەوە باوەشی گەل، شیاوی ئاماژە پێدانە خەڵکی ئەم ناوچانە پێشوازی گەرمییان لەم کارەی پێشمەرگەکانی شار کردبوو.

لە درێژەی کارو چالاکییەکانی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەم شوێنانەی شاری بانە چالاکی تەبلیغی بەڕێوەچوو:

گەڕەکی دەمامە، عوسمان ئاوا، گوڵستان و‌ بلواری مامۆستا هێمن.

لەلایەکی دیکەشەوە لە شاری مەهاباد چالاکی تەبلیغی بەرین بەڕێوە چوو کە شوێنی چالاکییەکان بریتین لە:

پارکی میللەت، پارکی پەرستار، تاقەدار، مەیدانچەی حەسەن‌زادە، مردووشۆرخانە، شەقامی بیمه، زمینەکانی شارەداری، شەهرەکی کارمەندان، ئازادگان، باخی شایەگان، بەری شیلانان، مەیدانی مەلاجامی، تەپەی قازی و شەقامی قازی محەممەد.