کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی سیاسیی لە مەهابادەوە بۆ میاندواو دوور خرایەوە

19:09 - 24 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، چالاکێکی خوێندکاریی کوردستانیان بۆ زیندانی میاندواو دوور خستەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، خدر (شەماڵ) ڕەسووڵ مرووەت لە زیندانی شاری مەهابادەوە بۆ زیندانی ناوەندیی میاندواو دوور خراوەتەوە.

خضر(شه‌مال)
خدر (شەماڵ) ڕەسووڵ مرووەت
ئەو چالاکە ناسراوەی کورد سەرەتای حەوتووی ڕابردوو بە پاوەن و کەلەبچەوە ڕادەستی بەرپرسانی زیندانی شاری میاندواو کراوە.

لەبارەی دوورخرانەوەی دووبارەی شەماڵ ڕەسوڵ مرووەت، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند؛ ناوبراو بە بێ هیچ هۆکارێکی تایبەت بۆ زیندانی میاندواو دوور خراوەتەوە و لە لایەن مەئموورانی بەشی پەزیرشەوە سووکەیاتی و بێڕێزێ پێکراوە.

شەماڵ ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویش بە هۆکاری ناڕوون بۆ زیندانی ورمێ دوور خرایەوە.

ئەو زیندانییە کوردە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی دەستبەسەر و لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، بە ٣ ساڵ حەبسی تەعزیری و ٥ ساڵ هەڵپەساردن مەحکووم کرابوو و دوای ٢ ساڵ لە تێپەڕینی حوکمەکەی، بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا و سەرەڕای قەبووڵیی ناوبراو لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆ، نەیتوانی لە قۆناغی کارناسیی باڵادا درێژە بە خوێندن بدات.

پویا
پوویا حوسێن‌پەناهی
هەروەها لە هاواڵێکی هاوشێوەدا، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە پوویا حوسێن‌پەناهی چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان بۆ زیندانی ئێوین ڕاگوێزراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، ناوبراو ڕێکەوتی ٨ی خەرمانان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری تاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

پوویا حوسێن‌پەناهی لە لایەن دادگای ڕێژیم لە سنە، بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو، لەحاڵێکدا کە هەتا ئێستاش هۆکاری دەستبەسەر کرانەکەی ڕوون نەکراوەتەوە.