کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی محەممەدساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئامریکا

21:57 - 30 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: محەممەدساڵح قادری، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئامریکادا، سەبارەت بە دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە هۆشداری دا و گوتی کە ئێران لە هەموو پۆتانسیێلەکان کەڵک وەردەگرێت کە بتوانێت نفووزی خۆی لە ناوچەدا زیاد بکات و هاوکاتیش لەو نفووزەی بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، محەممەدساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ ئارش ساڵح، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لە سەردانێك‏دا لە دەفتەری نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە، چاویان بە خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان کەوت و بارودۆخی ناوچەکە و کوردستانیان تاوتوێ کرد.

لەم چاوپێکەوتنەدا، محەممەدساڵح قادری سەبارەت بە دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەدا هۆشداری دا و گوتی کە ئێران لە هەموو پۆتانسیێلەکان کەڵک وەردەگرێت کە بتوانێت نفووزی خۆی لە ناوچەکەدا زیاد بکات و هاوکاتیش لەو نفووزەی بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچە کەڵک وەردەگرێت.

قادری بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی کوردستانی باشوور گوتی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخە، پێویستە دوو فاکتەر بەرچاو بگیردرێن، یەکەم ئەسڵی لێبووردەیی و ڕێز ڕەچاو بکرێت و دووهەم هەموو لایێک هەست بە پەرسایەتی بکەن.

محەممەدساڵح قادری لە درێژەی ئەو سەردانەدا گوتی کە لایەنە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، ئەوەندە کە بۆ لایەنی دەرەکی تەنازول دەکەن، ئەگەر بۆ خۆیان تەنازول بکەن، ئەوا بەرژەوەندیی کورتخایەن و درێژخایەنیان زیاتر پارێزراوە. ئەمەش هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تا چەند بتوانین ڕۆحی لێبوردەیی لە ناو خۆماندا پەرە پێ‏بدەین.

لە درێژەی ئەم دیدارەدا خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بە ڕەوشی کوردستان کرد و گوتی لەم ساتەدا کوردستان خەریکە ڕۆڵێکی نێونەتەوەیی بۆ سەقامگیریی نێونەتەوەیی دەگێڕێت و ئاسایشی نێونەتەوەیی پێویستی بەم ڕۆڵەیە.