کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونە دەرەوەی دۆلار لە ئێران بۆ کڕینی خانوو

12:54 - 29 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: چوونە دەرەوەی دۆلار لە ئێرانەوە بۆ کڕینی خانوو لە وڵاتانی دیکەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ڕەوتی زیاد بوون و هەڵکشانی دیاردەی چوونە دەرەوەی دۆلار لە ئێران بۆ کڕینی خانوو له وڵاتانی دیکەدا کردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا، ئیرنا دۆخەکەی نالەبار وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە: هەندێ لە ڕاوێژکارانی خانوبەرە لە ئێراندا بە شێوەی نایاسایی ، دەستیان داوەتە پڕوپاگەندە و کڕین و فرۆشتنی خانوو لە دەرەوەی ئێراندا.

هەر لەم بوارەدا، ڕەزا مەسروور، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی ناوچە ئازادی بازرگانی ئەنزەلی وتوویەتی: ڕێژەی خانووه کڕدراوەکان لە وڵاتانی دراوسێ، لە لایەن شارۆمەندانی ئێرانییەوە، لە ساڵی ٩٦ دا به نیسبەت ساڵی ٩٥، دوو قات زیادی کردووە.

لە لایەکی تریشەوە، ناوەندی ئاماری تورکیە ڕایگەیاندووە: ئێرانییەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە، سێ قات بە بەراورد لە گەڵ یەک ساڵی ڕابردوو لەم وڵاتە خانوویان کڕیوە و ئێران دوای عەرەبستان و عێراق بۆ کڕینی خانوو لەم وڵاتە لە پلەی سێهەمدایە.

سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕایانگەیاندووە که ڕێژەی یەکەکانی نیشتەجێ بوونی کڕدراو لە لایەن ئێرانییەکانەوە لە تورکیە  یەک هەزار یەکە بووە.

بە سەرنجدان به دۆخی ئێستای ئێران و درێژەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان، خەڵک ترسیان لە دانانی سامانە داراییەکانی خۆیان لە ئێراندا هەیە، بۆیە ئەو سامانە لە وڵاتانی دەرەوەدا بە کار دەهێنن.