کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆن توڕە کۆمەڵایەتیەکان بخەینە خزمەت ڕاسان تا نەبێ بە گوڕەپانى پیلانى دوژمن

21:39 - 12 رەزبەر 2716

ئەلبۆرز ڕووئینتەن

لە دونیاى ئەوڕۆى پێشکەوتن و خێرایی گواستنەوەى زانیارى و پەیوەندییەکان، شۆڕشێکى گەورەى زانیاری دونیاى مرۆڤایەتیی تەنیوەتەوە. بە جۆرێک کە زۆرجار مرۆڤەکانیش لەو ڕەوتە خێرایە بەجێ دەمێنن و ناتوانن خۆیان بگونجێنن بۆ ئەوەى بتوانن بە ئەرێنى کەڵک لەو هەموو پێشکەوتنە وەرگرن. یەکێک لە کاریگەرییەکانی ئەو پێشکەوتنانە لە بوارى سیاسەتدایە بە جۆرێک هەر کەس بتوانێ ئەو بوارە زیاتر و کاریگەرتر بە کار بهێنێت، دەتوانێ بازنەی کاریگەریى خۆى بەرفراوانتر بکاتەوە. ئەگەر بێت و دروست کردنى ڕۆژەڤ و گەیاندنى بیرۆکەى تاک یا لایەنى سیاسى بە کۆمەڵ گرنگترین ئەرکى سیاسەت بێت، ئەوا ئامرازى پەیوەندییەکان ڕۆڵێکى گرینگ لەو نێوەدا دەگێڕێن. تەنانەت ئێستا سیاسییەکان بۆ ئەوەى بزانن کومەڵگا بیر لە چی دەکاتەوە یا ئەوەى بیرى کۆمەڵگا بەرەو بابەتێکى دیارى کراو ڕابکێشن، لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەردەگرن. تەنانەت لەوێدا خۆیان و بیرۆکەیان هاوتەریبى هزرى کۆمەڵگا نیشان دەدەن، ئەو چەندەش بۆتە پسپۆڕییەک کە سیاسەتوانانى بەتوانا دەبێ خاوەنی ئەو پسپۆڕییە بن یا لەو پسپۆڕانە کەڵک وەرگرن. بەڵام بەداخەوە وەکوو زۆربەى بابەتەکان ئەو چیرۆکە بۆ کورد بە ڕەنگێکى ترەوە خۆ دەنوێنێ، دونیاى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لەوەى دونیاى گەیاندنى زانیارى و بیرۆکەى لایەنەکان بێت، بۆتە پێگەیەک بۆ ئەوەى ئێمەى کورد بە شێوەیەکى فراوان دژایەتى یەکتر بکەین بۆ ئەوەى قسەى دڵمان جا بە هەر جۆرێک بێت بیهێنینە سەر لاپەڕەیەک و لەوێش یەکێک ئەو چەندە ببینێت و دوو ئەوەندە وەڵام بداتەوە.

سەرەڕاى ئەوەى کە بۆخۆمان بەو شێوەیە کەڵک وەردەگرین لە هەمانکاتدا دوژمنى ئێمەش هەوڵ دەدات بەو شێوە کەڵک وەرگرتنە دوو ئەوەندە بێتە پێشەوە، ئیتر ئەوکات وەک گۆماوێکى قووڵى لێ دێ کە ئێمە دوو ئەوەندە لە ئامانجی ڕاستەقینەى ئەو ئامرازانە دوور دەخاتەوە، تەنانەت واى لێ‌دێت کە هەندێک پێیان وایە کە ئەو پەنجەرەیە نە تەنیا سوودى نیە، بەڵکوو زۆریش زیانیان هەیە، کە ڕوانگەیەکى هەڵەیە. سەرەتا دەبێ هەست بە گرنگیى ئەو پەنجەرەیە بۆ کورد بکەین و شی کردنەوەى تەوامان بۆ گرنگیى ئەو ئامرازانە لە دونیای نوێدا هەبێ، دوایی پەروەردەى ئەندامانى ڕێکخراو لە سەر ئەو پەنجەرەیەش دەست پێ بکەین، واتە چۆن لە بوارى جیاجیادا پەروەردە و ڕاهێنانمان هەیە، دەبێ چۆنیەتیی بەکارهێنانى ئەو پەنجەرەیەش بکەوێتە خانەى پەروەردە کردنى ئەندام و لایەنگرى ڕێکخراوەکەى. ئەو پەنجەرەیە ئەگەر لە دونیای ئێستادا بۆ هەر کۆمەڵگایەک گرنگ بێت، ئەوا بۆ کورد ئەو گرنگییە دوو ئەوەندەیە، چوونکە ئێمە لە وڵاتانى ژێردەستدا کە دەست بەسەر هەموو لایەنەکاندا گیراوە و دیکتاتۆرانە بەڕێوە دەبردرێن، تەنانەت گەیاندنى دەنگ و ڕەنگی ئێمە زۆر سەخت و دژوارە، لە هەمانکاتدا کە تێچوویەکى زۆرى هەیە، ئەو پەنجەرانە وا دەکەن کە بە ئاسانى ڕێکخراو یان لایەنى کوردى دەنگ و ڕەنگ و بیرۆکەى خۆى بە هەموو کوردێک لە هەموو شوێنێک کە هەیە بگەیەنێت. ئەگەر بێتوو ئەو چەندە بەراورد بکەین لە گەڵ ساڵانى پێشوو، دەبینین جیاوازیى یەکجار زۆر هەیە، چوونکە تەنیا ئامرازى گەیاندنى بیرۆکەى حیزب و شۆڕش، ڕادیۆیەک بوو بۆ یەک کاتژمێر لە ڕۆژدا. یا ئەوەى دەبا چەند پێشمەرگە لە گوندێک خەڵکیان لە مزگەوت کۆ کردباوە، لەوێش‌ڕا چەند خولەکێک قسەىان کردبا، بەو شێوەیە فەلسەفەى هەبوونی خەبات و شۆڕش دەگەیەنرا. بەڵام ئەوەى ئەمڕۆ هەیە زۆر جیاوازە، دەتوانی هەموو بەرهەمە فیکرى و هزرى و چالاکییەکانت لە یەک چرکەدا بگەینى بە هەزاران هەزار کەس بە ئاسانترین شێوە. ئەگەر بیر لە جەوهەرى ئەو کارە دەکەیەوە تێدەگەى ئەوە وەک ئەوەیە کە فرسەتێکى گەورە لە خزمەت شۆڕشدا دابنرێت یا ئەسلەن ئەو ئامرازنە بۆ سەرکەوتنى شۆڕشی کورد دروست کرابن، کە واتە ئەو گرنگیە چەندە پێویستییەکى هەنووکەییە، شتێکى حاشا هەڵنەگریشە.

سەیرى گۆڕانکارییەکانى دونیا بکەن لە هەر شوێنێک گوڕانکارییەک هەبێ، پێیەکى ئەو ئامرازانە بێگومان خۆى دەنوێنێ، ئەوە دەتوانێ لە هەڵبژاردنى وڵاتێکى دێموکراتیک بێت یا لە دروست بوونى بەهارى عەرەبی یا کۆکردنەوەى ناڕەزایەتى بەرانبەر بە بابەتێکى ژینگەىی یا توندو تیژى، یان بەناوبانگ بوونى کەسێک یا براندێک، بە کورتى لە هەموو سووچێکى ژیانى ئەوڕۆدا. بەڵام ئەوەى ئەوڕۆ دەیبینین بەداخەوە نە تەنیا هەست بەو گرنگییە نەکراوە، تەنانەت لە جیاتیى ئەوەى شۆڕش ئەو پێگەیە بکاتە ئامرازى گەیاندنى بیرۆکەى ڕەواى خۆى، بەڵکوو بۆتە پێگەیەک بۆ تەڕاتێنى دوژمن. ئەگەر جیا لە چەند هەوڵى تاکەکەسی کە هەوڵ دەدەن ئەو پەنجەرەیە بکەنە پێگەى خزمەت بۆ بیرۆکەى شۆڕش لە چوارچێوەى گەورەترى ڕێکخراوەیى، دیسان بێ‌بەرنامەیى پێوە دەبینین. بەتایبەتى ئێستا کە ئێمە ئەرکى ڕاسانمان لەسەر شانە ئاوڕدانەوەیەک لەو بوارە، یەکێکى دیکە لە پێداویستییەکانە، چوونکە هەوێنى ڕاسان بۆ لێک گرێدانى خەباتى شاخ و شارە، ئەو لێک گرێدانە سەرەتا بە گەیاندنى هزرى پێشمەرگانەى ڕاسان بۆ شارە، تا ئەویش نەتەنیا ئاگادار بێت، بەڵکوو ببێتە پەنجەرەیەک تا شاریش بتوانێ چالاکییەکانى خۆى تێدا ئۆرگانیزە بکات و وشیاریى سیاسی بۆ هەر تاکێک دروست بکات. ئەگەر بەو شێوەیە بڕوانینە بابەتەکە، ئەو کات گرنگیى بابەتێکى وەها لە ڕاسانى ئێستاماندا کە خوێنى زۆرمان بۆى داوە چەند گرینگە. هەر بۆیەش دەبێ بە زووترین کات بیر لەوە بکەینەوە چۆن دەتوانین لەو ئامرازانە کەڵک وەرگرین، لە هەمانکاتدا پەروەردەى چۆنیەتى بەکارهێنانى ئەو پەنجەرەیە بۆ تاکێکى سەر بە ڕێکخراو دەست‌پێبکەین. من لێرەدا چەند خاڵ بۆ ئەندامانى حدکا کە هاوکارى خۆمن دەخەمە ڕوو و هیوادارم بەسوود بن، بۆ ئەوەى ئەو پەنجەرەیە بکەین بە پەنجەرەى شۆڕش، نەک ئەوەى ببێت بە گوڕەپانێکى ترى دوژمن بۆ ئەوەى لە سەرکەوتن بەدوور بکەوینەوە.

١. سەرەتا دەبێ ئەو پێگەیانە کە پێگەى فەرمیى ڕێکخراوەکەى ئێمەن، بە هەموو شێوەیەک ڕێکلامى بۆ بکرێت، واتە هەوڵ بدەین ئەو پێگەیانە تەنیا بۆ گەیاندنى هەواڵ بە ئێمە نەبێت، بەڵکوو بۆ گەیاندنى هەموو چالاکییە هزرى و سیاسییە جۆاروجۆرەکان بە گەل بە شێوەیەکى گشتى بێت. واتە ئەو پێگەیانە ببەینە نێو کۆمەڵانى خەڵک، کە ئەو چەندە جێبەجی کردنى ئەرکى ئەندامەتیمانە چوونکە لە پەیڕەو و ئەساسنامەى حیزبی‌دا و لە مادەى چوارەمی بڕگەى پێنجەمدا هاتووە کە، سیاسەتی حیزب بەرێته نێو كۆمەڵانی خەڵك و پێوەندییان لەگەڵ بەهێز بكا و له بیڕوڕا و ئەزموونەكانیان كەڵك وەربگرێ.

٢. تەنیا سەرچاوەى هەواڵ و زانیارى ئەو پێگە فەرمیانە بن کە لە ڕێکخراودا هەن. چەند زانیاریمان هەبێ یا خۆمان بە زانای بوارێک بزانین، دیسان دەبێ بگەڕینەوە بۆ سەرچاوە و لەو ڕێگەیەوە هەوڵ بدەین کە زانیارییەکان بگەیەنین چوونکە لە کۆتایی‌دا ڕێکخراو یا ئۆرگانى پەیوەندیدارە کە دەتوانێ باشتر لە تاک بیر بکاتەوە، لە هەمانکاتدا بەو شێوەیە دیسپلینى خۆمان دەپارێزین. ئەو بڕگەیە گرینگە چوونکە زۆرجار دوژمن تەنانەت لەوانەیە بیهەوێ هەواڵێکى ڕاستیش بڵاو بکاتەوە، بەڵام ئۆرگان یا ڕێکخراو پێیوایە بڵاو نەبێتەوە باشترە، ئەگەر لەم کاتەدا تۆ هەواڵى ڕاستت بڵاو کردەوە، خزمەتت کردووە بە دوژمن، چوونکە ئەو ڕاستییە خزمەت بە ڕێکخراوەکەت ناکات تا کاتێک کە ڕێکخراو خۆى بڵاوى دەکاتەوە.

٣. بەشیکى دیکەی دونیایى ئەوڕۆى ئەو تۆڕانە کەوتنە نێو باس و خواسێکە کە زۆر جار زیاتر لە باس کردن یا گوڕینەوەى بیروڕا، بەلاڕێدا بردنى بیر و هزرى تاکەکانى ڕێکخراو بۆ لایەنى تایبەتە، کە لەو بوارەدا دوژمن هیچکات نەوەستاوە بەڵکوو زۆریش کارایە، کەواتە دەبێ بە هەموو شێوەیەک دوور بکەوینەوە لە وەڵام دانەوەى بابەتێک کە بێڕێزیە یا دەیهەوێ لایەنى بەرانبەر کاردانەوەى هەبێ. ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە ئەوکات وەک ئەوەى لە شوێنى خۆىدا بێدەنگ و کاریگەری دەمێننەوە چوونکە ئەوان مەبەستیان تەنیا وەڵام دانەوەیە. دوهەم لەوانەیە هەر بابەتێک یا سیاسەتێک یا لایەنێکى ڕێکخراوى ئێمە ڕەخنەی لێ بگیردرێت و بە مەبەستی ئاشکرا کردنى ڕاستى، پێویستى بە وەڵام دانەوە بێت. یا لانیکەم بۆ گەیاندنى بیرى خۆمان، ئەو کات بە دەلیل و ئیستدلال بە شێوازێک کە بتوانین لایەنى لۆژیکىی وەڵامى خۆمان دەرخەین بخەینەڕوو. ئەوە زۆر گرنگە وەڵامەکانمان لە هەموو شێوەیەکدا و لە هەموو کاتێکدا و بەرانبەر هەموو کەس، لە چوارچێوەی سیاسەتى حیزبدا بێت، لە چوارچێوەی ئەخلاقدا بێت. دەرەوەى ئەو دوو چوارچێوەیە نەتەنیا خزمەت بە ڕێکخراوەکەمان ناکات، بەڵکوو دەبێتە بەڵگەیەک بۆ دژبەرانى ئێمە چوونکە ئەخلاق و پڕەنسیپ لاى ئەندامانى ئێمە ئەوەندە زۆرە کە ئەوان زۆر بە دواى سووچێکى وادا دەگەڕێن، هەر بۆیەش ئێمە هەمیشە دەبێ جیاوازیمان هەبێ چوونکە خاوەنی پرەنسیپى ئەخلاقی لە سیاسەتداین لە حیزبدا. کە واتە دەبێ ئەو چەندە تەنانەت لە لایەن ئەندامێکى سادەى حیزبی ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرچاو بێت.

٤. ئەو پەنجەرەیە بۆ گەیاندنى ڕەخنە و پێشنیار یا هەر بابەتێکى دیکە بەرانبەر بە ڕێکخراوی خۆمان نیە، چوونکە ئەگەر بێتو ئێمە بابەتە تەشکیلاتیەکانمان وا بەو شێوەیە بگەیەنین، ئەوکات کەڵک وەرگرتنى خراپى لایەنەکان زۆر ئاسانتر دەبێتەوە. بە گوێرەى ئەو میکانیزمەى کە حیزب دایناوە بۆ پێدانى ئازادیی تەواو لە کۆبوونەوە و کۆنفڕانس و کۆنگرە بۆ گەیاندنى هەموو جورە ڕەخنە یان پێشنیار یا دەردەدڵ، ئیتر پێویست ناکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لەو جۆرە بابەتانە بکەین، چوونکە ئەوکات دیسپلین و چوارچێوەى بە یەک بەستراوى تەشکیلاتى دەگوڕێ بۆ گوڕەپانێکى هەزاران بیرۆکەى تاکە کەسی کە لە وەها بارودۆخێکدا گەیاندنى پەیامى سەرەکى بۆ نێو کۆمەڵانى خەڵک دژوارتر دەبێت.

لەوانەیە هەندێک لایەن ئەو چەندە بە بەرتەسک کردنەوەى ئازادییەکان هەژمار بکەن کە پیموایە لە هەڵەدان، ئەوە بەرتەسک کردنەوە نیە، بەڵکوو ڕێکخستنە کە دەبێتە هۆى بەرەو پێش بردنى کارەکانمان چوونکە ئێمە ئازادىی تەواومان هەیە لە شوێنى خۆى قسەى خۆمان بکەین، نەک لە هەموو شوێنێک بە هەموو شێوەیەک، ئەوکات تا ڕادیەکى زۆر ماناى تەشکیلات نامێنى. لایەنێکى دیکەی ئەو بابەتە پەیوەندی هەیە بە ئۆرگانى پەیوەندیدارەوە کە چۆن کارەکانى خۆى دابڕێژێت تا بتوانێ لە ڕێگەى ئەو پەنجەرەیەوە خزمەت بە ئامانجى گشتى بکات، بەتایبەتى لە بارودۆخێکى وەهادا کە کەم و کورتیمان هەیە لە کاناڵى پەیوەندى گرتن لەگەڵ کۆمەڵانى خەڵک، کە لە ڕێگەى تایبەتەوە پێشکەش بە هاوڕێیانى پەیوەندیداری دەکەم. ئەوانە ئەو خاڵانە بوو کە بە پێویستم زانى هاوڕێیانم لێی ئاگادار بکەمەوە بەو شێوەیە ئەو پەنجەرەیە دەگۆڕین بۆ بەرەو پێش بردنى هەنگاوەکانى شۆڕش نەک ئەوەى ببێ بە پەنجەرەیەک بو ڕەخنە گرتنی دوژمن و بڵاوە پێ کردنى پیلان و کەوتنە داوى ئەو پیلانانە لە لایەن بەشێک لە هاوڕێیان. لە کاتى ڕاسان و بەڕێوە بردنى شۆڕش هەموو هەنگاوەکانمان دەبێ لەو سۆنگەیەوە بێت کە چەندە خزمەتى شۆڕش دەکات، نەک ئەوەى کە چەندە من پێم باشە یا بە ڕاستى دەزانم.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە