کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکی چەمکی ڕاسان"

12:18 - 18 پووشپەڕ 2718

رەزا ئەمینی

ڕاسان لە چەمکێکی تیۆریکەوە بەرەو پراکتیکی تۆکمەتر گەشەی کردووە، ڕێبەرانی بیرۆکەی ڕاسان لە سەرەتاوە بۆ گرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ پشتیان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و داکۆکیی کۆمەڵانی خەڵک گەرم بوو، بە لێکدانەوەی تیۆریسیەنەکانی چەمکی ڕاسان، بەڕۆژبوونەوەی خەباتی کوردستانی خۆڕهەڵات دەیتوانی باڵانسی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمان تا ئاستێکی بەرز هەڵکشێنێ و دۆزی کورد بەرێتەوە نێو کۆڕو کۆمەڵە جیهانییەکان هەنووکە لە قۆناغی بەکردەوەیی کردنی ئەو بیرۆکەدا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە چەکی چەمکی ڕاسان، ڕێبەری جووڵەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی خۆڕهەڵاتە.

هەڵسووڕانە سرنجڕاکێشەکانی پارتیزانەکانی دێموکرات لەو ساڵدا، بیرۆکەی چەمکی ڕاسانی ڕەنگاڵەتر کردووە، وریایی هێزی پێشمەرگە، کارامەیی فکری و ئامادەیی نیزامیان، شارەزایی بە تاکتیکی دەرهەست و بیرۆکەی بە تاکتیکی سیاسی پڕدەسکەوت بە هۆی چالاکییەکانی پێشمەرگە هەموو فاکتەرگەلی گرینگن کە ئەمساڵ هیوا و مەبەستە بنەڕەتییەکانی ڕاسان باشتر دەپشکوێنن.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم وەرزەی تێکۆشانیدا ئەو شوێنانە بۆ چالاکی تەبلیغی و پێوەندی لە گەڵ کۆمەڵانی خەڵک هەڵدەبژێرێ کە گرینگن و سوپای پاسدارانی شۆکە کردووە، هێزە بێ ورەکانی ڕێژیم بە هەر شێوەی مومکین خۆیان لە تێکهەڵچوون لەگەڵ پێشمەرگە دەبوێرن و بەرانبەر تاکتیکی هەڵسوورانی پێشمەرگە دەستەوەستانن.

بە گشتی بەرگری چەکداری لە رەوایی بزاڤی رزگاریخوازی کورد، ئەگەرچی مێتۆدی دڵخوازی ڕێبەری جووڵانەوەی کورد نەبووە و وەک شێوازێکی داسەپاو هەڵبژێردراوە لەگەڵ ئەوەشدا دەسکەوتی هەستیاری بۆ کورد بە شوێنەوە بووە و بەرگری ئەمجارەش بەرهەمی باشی بەدەستەوە داوە و لەو وەرزەی ڕاسانیشدا دەسەڵاتی زۆرداری تاران پتر لە هەر کاتێکدا تووشی قەیران بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان کە جیددیترین ڕەوتی بەرگری لە خاک بووە، وەک هێزێکی پراگماتیست و هەستیار بە هەست بە بەرپرسیارەتی تەواو و دووربینی بناخەی بەرخۆدانێکی نیشتمانی شیاوی بزووتنەوەی ڕێکخستووە بە چەشنێک کە ئێستا کوردەکانی خۆرهەڵات پتر لە هەر دەم بە سەرکەوتنی ڕاسان هیوادارن.

جیاوازی ئەو وەرزەی تێکۆشان لەوەدایە کە لە حاڵێکدا کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی ئێران بە زەبەلاحترین هێزی سەربازی و دامودەزگای ڕاگەیاندن و لە هەر شێوازی بەردەستی بۆ سەرکوتی خەباتی ڕەوای کورد کەڵکی وەرگرتووە و ناکام ماوەتەوە و وەرزی خەباتی پێشمەرگەش تا ئاستێک گەشەی کردووە کە هەر پێشمەرگەیەک دەوری کادرێکی چالاکی حیزبی دەگێڕێ و بە متمانەوە لە ئاسۆکانی بیرۆکەی ڕاسان دەڕوانێت.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان جیاواز لە چەکی شانی واتا و ئاسۆکانی بیرۆکەی ڕاسان بە تەواوی تێدەگا، تا ئاستێک کە پتر لە هەر دەمێک بۆ گرێدانەوەی بەرخۆدانی شار وشاخ تێدەکۆشێت. هێزی پێشمەرگە هەنووکە پڕ لە وزە، زانیاری سیاسی، شارەزایی بە سیاسەت و پرەنسیپە قایمەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە بێ متمانەکانی لە بەرانبەر پێشمەرگەی ئەم وەرزەدا دەستەوەستانترن چونکە هێزی پێشمەرگەی خاک دوو چەکی بەرگری واتە، چەکی دەستی و چەکی بیروباوەری لە هەر دەم پتەوترە .