کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان و خەباتی چەکداری

14:40 - 5 گەلاوێژ 2718

کاوە بەهرامی

لە جیهانی مەجازی و هەروەها کۆمەلێک دەزگای ڕاگەیاندن کە بە بیرێکی شوێنیستی بەڕێوە دەبرێن، باس و بابەتەکانیان تایبەت کردوە بە خەباتی گەلی کورد و بردنە ژێر پرسیاری خەباتی چەکداری.

ڕوون و ئاشکرایە کە ڕاسانی خۆرهەڵات، بزووتنەوەیەکی فرە ڕەهەندە، حزووری پێشمەرگە لە نێو خەڵک یەکێک لە پایە سەرەکیەکانیەتی،  کە بیرسەدەناوەڕاستیەکانی شوێنیست بە زیانی ئێران و بەردەوام بە هەولێک بۆ پارچە پارچەکردنی وڵاتی دەزانن.

ڕاسانی خۆرهەڵات، پرۆسەیەکە بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی و مافی مرۆڤ و .... ئەم بابەتەش پێویستی بە حزووری پارێزەرانی ئەو مافانەیە لە ناوخۆی نیشتمان و وەک پێشمەرگەی شار و شاخ ، گوێ بۆ ویست و داخوازی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بگرێ و سەرەڕای پۆلێن کردنی ئەو کێشە و ئازارانە، لە چوارچێوە و میکانیزمی گونجاو ڕێکیان بخات.

بە خۆشیەوە حزووری پێشمەرگە لەگەڵ  پێشوازیی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان بەرەوڕوو بوو کە لە بەشێک لە ناوچەکان هێزەکانی ڕێژیم زۆر ترسنۆکانە و  به خەرجکردنی سەدان میلیۆن تمەن بە نامرۆڤانەترین شێوە لە کەمیندا هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگەکانی حیزب.

ئەوەی جێگای داخە و سەرنج و تێڕامانە ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندنی دەرەوەی وڵات و بەناو دێموکرات و ئازادیخواز و لە کردەوەیەکی شوێنیستانە و بە هاوسۆزبوون لەگەڵ دامەزراوەکانی ڕێژیم نە تەنیا ئەو خەباتە ڕەوایە دەبەنە ژێر پرسیار و بە جیاییخوازی دەزانن، زۆر خۆبەزلزانانە چاوەڕێ دەکەن ئێمەی شۆڕشگێڕ ئەو هەنگاوە ڕەوایانە، مەحکووم و شەرمەزار بکەین و چاویان لەوە نوقاندوە کە بە دەیان لە خەڵکی کوردستان بە ڕۆژنامەنوس و کۆڵبەر و پێشمەرگەوە، چەندە نامرۆڤانە شەهید کراون و بۆ تاقە جارێکیش باسی ناکەن و لە بەرانبەردا ڕۆژێ دەیان جار باسی کوژراوەکانی ڕێژیم دەکەن.

ئەوان خەباتی  ڕەوای ئێمە بە هەولێک بۆ تێکدانی کۆمەڵگا و کوشتنی خەڵکی ئێران و هێرش و کەمین دانانەوە و تاوانەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە هەوڵێک بۆ پاراستنی ئێران لە پارچەبوون دەزانن کە بەشێکیان کەسانێکن کە ساڵانێک لە ڕیزەکانی ڕێژیم دژی خەباتی گەلی کورد چەندین کردەوەی نامرۆڤانەیان بەڕێوە بردووە و ئێستاش بە مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن.

کورت و پوخت، بەش بە حاڵی خۆم شانازی بە خەبات و سیاسەتی دروست و ئوسولیی حیزبەکەم و بەتایبەت حزووری پێشمەرگە لە نێو خەڵک دەکەم و هەموو ئەو هەوڵە شوێنستیانە لە ڕاستای لاوازکردنی ڕاسان دەزانم کە بە هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەک و یەکگرتوویی و یەکڕیزیمان دەبێ بەرپرچیان بدەینەوە و هەتا سەرکەوتن و ڕووخانی ڕێژیم کۆڵ نەدەین.