کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان و شار

13:33 - 1 رێبەندان 2716

کەریم پەرویزی

شار بە مانا گشتییەکەی و لە ڕاستیدا شوێنی ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی خەڵکی کوردستان، پێگەیەک و سەرچاوەی بنەمایی ڕاپەڕین و سەرهەڵدان و ڕاسانەوەیە و لە شاخەوە شۆڕش کڵپە دەکا و لە شاردا هێز دەگرێتەوە، و بڵێسە دەستێنێ.

گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئەزموونی جۆربەجۆر و هەمەڕەنگی سیاسی و خەباتکاری‌دا بەشدارییان کردووە و هەر چین و گرووپ و توێژ و بەشێک، بە پێی دۆخ و توانایان لە خەباتدا دەوریان هەبووە و ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە.

سەردەمانێک لە کۆماری کوردستاندا، حیزبی دێموکرات لە نێو شارەکان و لە نیو کۆڕ و کۆبوونەوەی خەمخۆر و تێگەیشتوانی گەلەوە سەری هەڵدا و شاری کوردستانی بە شێوازی نوێ هێنایە نێو مێژووی خەبات و سەرهەڵدان و وەکوو پێگەیەکی گرنگی خەباتی سەردەمیانە دەوری گێڕا کە بەداخەوە زۆر درێژەی نەکێشا.

لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی پەهلەویشدا کوردستان لە نێو دڵی شار و لە شەقام و کۆڵانەکاندا هێزی جەماوەری نیشان دا و دوایەش لە سەرەڕۆیی و هێرشەکانی پاسدارانی خومەینیدا خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان بوون کە ڕیزی خەباتیان پتەوتر دەکرد و شەقام و کۆڵانەکانیان دەکردە مەتەرێزی بەرگری و خۆڕاگری و، پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوون.

هەر هەمان خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان بوون کە لە قۆناغی دواتر و لە شەڕی شاخ و پارتیزانیدا، پشتیوان و ڕێنوێن و یارمەرتیدەری هێزی پێشمەرگە و تیمەکانی پێشمەرگە بوون.

دوای ڕاگرتنی خەباتی چەکداریش، شاری کوردستان ڕۆڵ و دەوری بەرچاوی لە ڕاگرتنی ئیرادە و ورەی خەباتدا هەبووە و لە شێوازی جۆربەجۆردا ئیرادەی نەتەوەییان لە ڕیزی ئەنجومەنی جیاوازی فەرهەنگی و مەدەنی و ڕێپێوان و ناڕەزایی دەربڕين و خۆپیشاندان و سەرهەڵداندا سەلماندوە و دوژمنیان تاساندووە.

لە قۆناغی نوێی خەباتدا و لە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا، خەباتی هێزی پێشمەرگە و ڕۆڵی کوردی پەڕیوەی تاراوگە و خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان کە بە هێمای شار ناوی دەبەین، ڕۆڵی هاوسەنگ و پێکەوەیان دەبێ و لەم قۆناغەدا پێشمەرگە هێما و ڕەمزی خۆڕاگری و ورەبەخشییە و شار سەرچاوەی سەرهەڵدان و ڕاپەرین و بەگژ دوژمندا چوونەوە و کوردانی تاراوگەش، پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە و دەنگی ڕاسانی گەل دەبێ لە دنیای دەرەوە.

شار لەم بڕگەیەی خەباتدا، کە هەنگاوی نوێ و ئەزموونی تازەی لێ دەکەوێتەوە، چیدی تەنیا ڕۆڵی یارمەتیدەری نابێ، بەڵکوو دەبێ قۆناغ بە قۆناغ ڕۆڵی سەرەکیی خەباتی پێ بسپێردرێتەوە و شار ببێ بە مەکۆی سەرهەڵدان و بەرخۆدان.

شار شوینی پێکەوە ژیانی هەموو ڕەنگەکانی کۆمەڵگایە و خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردیش پێویستی بە ئامادەبوونی هەموو ڕەنگەکانە. هەر لەوکاتەدا دوژمنی داگیرکەر دەیەوێ شار و شاخ لێک داببڕێ و شاخ بکا بە دوورگەیەکی دوورخراوە لە واقیعی کۆمەڵگا و دەستبەسەر شاردا بگرێ.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕژیمی داگیرکەرە کە دەیەوێ شار بە چۆکدا بێنێ و شاخ زنجیر بکا. کرداری خەباتکارانە و ئامانجداری هەموو چین و توێژەکانی کوردستان لە شار و گوندەکاندا کە بیانەوێ سیحر و تەلیسمی دوژمنان بەتاڵ بکەنەوە و وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن ئیرادەی خۆسەلماندن و کۆڵنەدەر ژیانێکی سەرفرازانە بکەن، پێویستییەکی گرنگی ئەم وەرزە نوێیەیە و هێزی پێشمەرگەی ڕەمز و هێمای خەباتکاری و گیانفیدایی و ورەبەخشی دەتوانێ پاڵپشتی شار بێ.