کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسانی شاخ و شار، ڕزگاری نیشتمان

18:28 - 17 پووشپەڕ 2718

نەوید کەرەمی

ئەگەرچی ساڵەکانی پێشووتریش ماوە بە ماوە و بە هۆکارگەلی جۆربەجۆر، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لە شارە کوردنشینەکان و تەنانەت شارە گەورەکانی ناوچەکانی دیکەی ئێراندا ڕوویان داوە، بەڵام پاش ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی خەبات لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزایەتییەکان زیاتر و پڕڕەنگتر بوونەتەوە.

ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە داوێنی شاخەکانی کوردستاندا جێژنی سەری ساڵی نوێی کوردی، واتە ساڵی ٢٧١٥ی کوردی بەڕێوە برد؛ لەو ڕۆژە مێژووییەدا، بەڕێز کاک مستەفا هیجری، کەسایەتی یەکەمی حیزبی دێموکرات، لە بەردەم ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بەشدار لەو مەراسمە و هەروەها ڕوو لە خەڵکی کوردستان و هەموو بیروڕای گشتی، دەسپێکی قۆناغێکی نوێی بۆ ڕزگاری گەلەکەمان لە ژێردەستەیی و ستەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ڕاگەیاند.

بەڕێزیان وێڕای شیکردنەوەی ئەو قۆناغە نوێیەی خەبات، واتە گرێدانی خەباتی شاخ و شار، لەو مەراسمەدا باسی لەوە کرد کە لەم قۆناغە نوێیەی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشمەرگەکانی کوردستان بە خەباتی پێشمەرگانەیان لە شاخ و خەڵکی شۆڕشگێڕ بە ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتن و مافخوازییان لە شارەکان، شان بە شانی یەک، بۆ ڕزگاری نیشتمان و گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تێدەکۆشن.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، ئەو قۆناغە نوێیەی خەبات لە لایەن بەڕێزیانەوە بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات (ڕاسان)، ناوی لێ نرا؛ پاش ئەوەیکە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی پاراستن و ڕێزگرتن لە کیانی نوێی کوردی کە تازە لە باشووری کوردستاندا پێکهاتبوو، خەباتی چەکداریی ڕاگرت، بە هەموو شێوەیەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی ئەوەی دەدا تا بە تەواوەتی حیزب و خەڵکەکەی لە یەک داببڕێت.

لە لایەکی دیکەوە، ڕێژیم لە ڕێگەی دەست و پێوەندیی و میدیاکانییەوە، پڕوپاگاندەی ئەوەی بڵاو دەکردەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەماوە و لەنێوچووە، هەروەها بەردەوام زوڕنای ئەوە لێ دەدا کە ڕێژیم توانیویەتی لە کوردستان ئەمنیەت دابین بکات.

ئەگەرچی بە درێژایی ئەو ساڵانە چالاکیی جۆربەجۆری کادر و پێشمەرگەکانی حیزب درێژەی  هەبووە و خەبات هیچکات نەپساوە، بەڵام پاش ڕاگەیاندنی راسانی نوێی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت پێکهێنان و سازماندانی هێزی پێشمەرگەی شار، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بە مەبەستی ڕاپەراندنی ئەرک و کاری پێئەسپێردراوی خۆی، لەناو خەڵکدا حزووریان هەبووە و پروپاگەندە و تەبلیغاتی ژەهراوی ڕێژیمیان پووچەڵ کردووەتەوە.

لە دەسپێکی قۆناغی نوێی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، گەلێک دەسکەوتی سیاسی و تەشکیلاتی بەدەست هاتوون، بە جێیە تا دەسکەوتەکانی ئەو قۆناغە چ لە بەشی راسانی شاخ و چ بەشی شاری لێک بدەینەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە هەست کردن بە پێویستیی گۆڕانکاری لە هەڵوێست و مێتۆدی خەباتی خۆی، ڕاسانی کردە بەرنامەی سەرەکی تێکۆشانی، لە شاخەوە بەرەو شار هەنگاوی نا و پەیام و هیوا و ورەی ڕزگاریخوازی بردە دڵی کۆمەڵانی خەڵکەکەی خۆیەوە.

ئەو هەنگاونانە ئەگەرچی بۆ حیزب سەخت و پڕهەزینە بوو، بەڵام هیوای ڕزگاری گەل و خاکی نیشتمان، لەژێر سێبەری ڕەشی زوڵم و داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هاندەری ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون تا هەموو سەخڵەتی و ئاستەنگەکان، تەنانەت بە خوێنی خۆیان قەبووڵ بکەن.

چەندین کادر و پیشمەرگەی بەوەجی حیزب، پاش شەڕی قارەمانانە لە قەرەسەقەڵی شنۆ و شاخی کۆساڵانی مەریوان و لە چەند شوێنی دیکەی کوردستاندا، تێکەڵ بەکاروانی هەرگیز نەمران بوون و خوێنی خۆیان کردە هەوێنی پێوەندی شاخ و شارەکانی کوردستان.

ئەو هەنگاوانە و ئەو قوربانیدانانەی ڕۆڵە گیان لەسەردەستەکانی حیزب، بووە هۆی گەرمتر بوونەوەی کوانووی خەبات و پۆل پۆل ڕۆڵەکانی کورد بۆ بەشداربوونیان لە ڕاسانی رۆژهەڵات پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوون. لە کوردستانی داگیرکراوی ژێردەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا، پاش ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی خەبات و حزووری بەردەوامی هێزی پێشمەرگە لە شارەکانی کوردستاندا، خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە ورەیەکی پۆڵایینەوە شەقامەکانیان کردە سەنگەری ناڕەزایەتی دەربڕین و تاپۆی هەیمەنەی تۆقێنەری ترس و خۆفی ڕێژیمیان تێکشکاند.

ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی خەڵک لە شارەکانی بۆکان، بانە، سەقز، سنە، مەریوان، کرماشان و شارەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، مانایەکی دیکەیان بەخۆوە گرتووە و تاپۆی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەچۆکدا هێنا.

هەنگاوە نوێیەکانی حیزب لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە کەوتوونەتە بەرچاو و بەڕێز کاک مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتی حیزب بانگهێشتی فەرمی دەکرێت، تا لەسەر ڕاسان و چۆنییەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دواکەوتوو و دژی گەلییە، گۆڕینەوەی بیروڕا بکەن.

لە ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵاتدا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە نوێنەرایەتی مێژووی جووڵانەوەی گەلی کورد (دژ بە دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان) دەکات و خەڵکی ئاسایی لە شارەکانی کوردستاندا، دەست لەدەستی یەک بۆ ڕزگاری نیشتمان و گەلی کورد تێدەکۆشن.

هەر وەک شەهیدی ڕێبەر، لەو پەیوەندییەدا، لە ئاخاوتنەکانیدا ئاماژەی بەوە دابوو، کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەڵکە و بۆ ڕزگاری خەڵکەکەی خۆی تێدەکۆشێت، لە خەڵک هێز وەردەگرێت و هێز و ورە بە خەڵک دەبەخشێت.

مێژوو و ئەزموونی وڵاتان پێمان دەڵێت، گەر بمانهەوێت پاش دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی، لە ئێراندا حکوومەتێکی خەڵکی و هاوبەش بۆ هەموو نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران بنیات بنرێت، ئەوا پێویستە تا لە هەر دوو سۆنگەدا، هەم بواری سەربازی و هەم خەباتی شارستانیانە (ناڕەزایەتی و ڕێکخستنە سینفی و کۆمەڵایەتییەکان)، هاوکات و پێکەوە بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو بنێن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.