کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ دوایین ڕەوشی ژیان لە کوردستان پاش پچڕانی بەردەوامی بەرق

11:53 - 28 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: پچڕانی بەرق لە ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی خەڵکی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە و هیچ کەسێکیش خۆی بە بەرپرسیار نازانێ؛ ئەم دۆخە هاوکات لەگەڵ بوونی هەڵاواردنێکی دیار و بەرنامەبۆداڕێژراو بەنیسبەت شێوەی دابەش کردنی بەرق لە شارەکاندا هێندەی دیکە باری دەروونی خەڵکی تێک داوە؛ لەمبارەوە خوێنەری ڕاپۆرتێکی مەیدانی دەبن:

قەتع بوونی بەردەوام و لە ناکاوی بەرق لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بەتایبەت لە شار و دێهاتەکانی کوردستان درێژەی هەیە؛ بە هۆی بێ مودیریەتی و ناتەوانی ڕێژیم  لە دابین کردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، زۆربەی خەڵکی کوردستان ناڕازین. ئەگەرچی دەوترێ شێوەی جیرەبەندی بەرق لە ڕووی بەرنامەوەیە و مودیریەت دەکرێ، بەڵام بە کردەوە شتی وەها نییە.

زۆربەی دێهاتەکانی کوردستان هەر لە بەیانییەوە هەتا درەنگانی ئێوارە بەرقیان قەتع دەکرێ؛ لە شارەکانیشدا زۆر جار هەم پێش نیوەڕۆ و هەم پاش نیوەڕۆش بەرقی گەڕەکەکان لە لایەن ئیدارەی بەرقەوە قەتع دەکرێت کە هەر قەتع بوونێک ماوەی دوو تا چوار سەعات درێژە دەکێشێت .

ئەم ڕەوشە بە هەبوونی هەڵاواردن هێندەی دیکە دۆخەکەی سەخت و ناخۆش کردووە بەچەشنێک کە ئیدارەی بەرق لە نێوان گەڕەکەکاندا بۆ قەتع کردنی برق جیاوازی دادەنێت؛ ڕێپۆرتێری کوردستان میدیا لە شاری سەقزەوە ڕایگەیاندووە: ئیدارەی بەرقی ئەم شارە زۆر بە دەگمەن بەرقی گەڕەکی بلواری ئینقلاب قەتع دەکات ئەمەش بەوهۆیەوەیە کە زۆربەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی سەر بە ڕێژیم لەوانەش ئیتلاعات، بەسیج، فەرمانداری، زیندانی ناوەندی و سپای پاسداران لەوێن، بەڵام لە بەرامبەردا گەڕەکەکانی ساڵحاوا، قەوخ، حەماڵاوا و تازاوا و گەڕەکە پەراوێزنشینەکانی دیکەی ئەم شارە زۆر زیاتر لە ڕادەی پێویست بەرقیان لێ قەتع دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتی قەتع بوونی بەرقدا زۆربەی کارگە بچووکەکان و دوکانە خەدەماتییەکان ناتوانن درێژە بە کارەکانیان بدەن و زۆر جار بەم هۆیەشەوە تووشی زەرەری ماددی دەبن.

بەوتەی بازاڕییان و خەلکی ئاسایی لەم شارە ڕێژیمی دز و فێڵبازی ئاخوندی لە کاتی دابین کردنی بەرق لە ماوەی چەند خولەکەکەی تری ڕۆژ و شەودا، برق بە ڤوڵتاژی زۆر کەم دەخاتە خزمەت خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان، هەر بە هۆی ئەم دزییە بێدەنگەی ڕێژیمەوە زۆربەی کەرەستە بەرقییەکانی ماڵان تووشی سووتان و کێشەی ئیلکتریکی بوون . لەمبارەوە تەعمیرکارەکانی یەخەچاڵ، ماهوارە، تێلێڤیزیۆن و هتد لەم ڕۆژانەدا دانیان بەمەدا ناوە کە زۆر زیاتر لە جاران خەڵک وەسایل و کەرەستە بەرقییەکانیان بە هۆی نەوەساناتی بەرقەوە دەسووتێت .

ئەم مەسەلە لە سەر خراپ بوونی وەسایلی ناو یەخچاڵی دوکانەکانیش وەک بەستەنی، گۆشت و ساردەمەنیەکان کاریگەری داناوە و دووکاندارە ئاساییەکانیش زەرەرمەند بوون؛ ئەمە هاوکات بووە لەگەڵ سووتانی زۆر و لەڕادەبەدەری وەسایلی ڤوڵتاژ زەعیفی وەک ماهوارە و مودێمی ADSLی ئینتێڕنت.

ئەم دۆخە نەشیاوە لەکاتێکدایە کە سەرۆکی ماڵی سەنعەت، کانزا و بازرگانی ئێران لەهەمبەر پچڕانی بەردەوام و درێژماوەی بەرق لە نێو یەکە سەنعەتییەکاندا هۆشداری جیددی داوە و ڕایگەیاندووە: بەردەوامی ئەم دۆخە کەرتی سەنعەت تووشی شەلەلی ولە کۆتاییدا دۆشدامان دەکات.