کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆڕت/ دەسبەسەر کردن و کوژران و برینداربوونی ٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد

12:17 - 19 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، ٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شارە سنوورییەکانی "شنۆ"، "پیرانشار"، پاوە" و " سەردەشت" کوژران و بریندار بوون و ٣ کاسبکاری دیکەش دەسبەسەر کران.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئاشکرای کردووە، شەوی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی "کێلەشین" سەر بە شاری شنۆ، دەکەونە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "ش.ج" تەمەن ٣٢ ساڵ و "د.ی" تەمەن ٢٨ ساڵ بە سەختی بریندار بوون.

ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، کە گوللە بەر سینگ و لاقیان کەوتووە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆران لە هەرێمی کوردستان کراون و دواتر "ش.ج" بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ ناوەندەی دەرمانی شاری هەولێر گوێزرایەوە.

ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، هەنوکە لە ژێرچاوەدێری پزیشکیدان و دۆخی تەندروستیان جێگیر ڕاگەیەندراوە.

 لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد لە ناوچەی "مێرگە چەکۆ" لە نزیک گوندی "زێوکە و ماشکان" سەر بە شاری پیرانشار دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و لە ئەنجامی دەسڕێژی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کاسبکاریکی کورد بە ناوی "ئەسعەد حەسەن‌زادە" کوڕی خەلیل خەڵکی پیرانشار دەسبەجێ گیانی لە دەست دەدات.

تەرمی ئەو کاسبکارە کوردە، پاش گواستنەوەی بۆ ساردخانەی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە. ئەو کاسبکارە کوردە، خێزاندار و باوکی چەند منداڵ بووە.

لە لایەکی دیکەوە، شەوی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، سێ کاسبکاری کورد بە ناوەکانی "ئیسماعیل محەممەد پوور، سەعید کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی "گەپڵەسەن" و عەبدوڵڵا ڕەسووڵ نژاد خەڵکی گوندی "جەڵدیان" سەر بە شاری پیرانشار لە بەرزاییەکانی "سپی ڕێز" لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پاش دەسبەسەرکردنی ئەو سێ کاسبکارە کوردە، دەستیان بە سەر ١١ سەر ئەسپ و تەواوی شتومەکەکانیان داگرت و لەگەڵ خۆیان بردووە.

 هاوکات، شەوی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، هێزەکانی حکوومەتی ئێران جێگیر لە پاسگای "کەپرانـ"ـی شاری سەردەشت، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی ئەو ناوچەیە کردووە و لە ئاکامدا یەکێک لە کۆڵبەرانی کورد بە ناوی "ئەسکەندەر.ف" کوڕی حەمزە، گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان بەبێ ئەوەی پێشتر ئەو کۆڵبەرانە ئاگادار بکەنەوە، تەقەیان لێیان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە بەرزاریییەکانی "سپیڕێز" لە شاری پیرانشار لە شوێنێک بە ناوی "خێوەتگە" دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئەنجامی تەقە کردنی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سولەیمان پوورسەعید" کوڕی تەها خەڵکی گوندی "گەپلەسەن" سەر بە شاری پیرانشار بە سەختی بریندار بووە.

 هەروەها، ڕۆژی هەینی ١٨ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سەبوور قادری"، کوڕی حوسێن تەمەن ٤٧ ساڵ، خەڵکی گوندی "نەجاڕ" سەر بە شاری پاوە، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، تووشی ئەو ڕووداوە بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "تاڵەقانی "ـی شاری کرماشان کرابوو، کە دواتر بە هۆی بەرکەوتنی زەربەری مێشکی لە ئەنجامی بەربوونەوە لە بەرزایی، گیانی لە دەست دا.

پێشتر، حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاندبوو: "کۆڵبەری نیشانەی بارودۆخی خراپی ئابووری و گەشە نەکردووی کوردستانە".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: "ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەکرێت جەمسەرێکی چالاک لە پێشکەوتوویی ئابووری و پەرەسەندنی ئاژەڵداری، گەشتیاری "صنایع تبدیلی" و لە لایەکی دیکەوە لە بیاڤی بازرگانی بێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەیکە دەبیندرێ بە پێچەوانەوەیە.