کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک عەبدولڕەزا کەریمی

00:01 - 26 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک عەبدولڕەزا کەریمی تێکۆشەری دێرین و سیمای ناسروای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٣ی فوریەی ٢٠١٧ی زایینی هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی تێکۆشەری دێرین و کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن، لە ئەیالەتی بادن بادن لە شاری هایدێلبێرگ لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی و ماڵئاوایی لە هاوڕێ و خزم و دۆستانی کرد و خەبات لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی کورددا بە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی ئەسپارد.

هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی کوڕی محەممەدعەلی لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە شاری کرماشان بوو، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تا ڕادەی دیپلۆم لە پارێزگای کرماشان تەواو کرد و دواتر بۆ درێژەی خوێندن چووە شاری ئیسفەهان و لە بەشی مێژوودا لیسانسی وەرگرت و کاری دەبیری و مامۆستایەتی لە شاری مەریوان دەست پێکرد. لە پەنای ئەرکی مامۆستایەتیدا دەوری شیاوی لە ڕوونکردنەوەی بیروڕای گشتی و قوتابیان و زیاتر ئاشناکردنیان بە ماف و ئازادییەکانیان و خەبات دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی گێڕا و بە ڕاشکاوی تێکەڵاوی کار و چالاکیی سیاسی بوو.

سەرەتا تێکۆشانی لە ڕیزی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران دەستپێکرد و پاش ئینشعاب لەو ڕێکخراوەیەدا، کاک عەبدولڕەزا کەریمی بەرپرسایەتی لقی کوردستانی بەشی ئەقەلییەتی ئەو ڕێکخراوەیەی وەئەستۆ گرت و هەر لەو کاتەشدا بۆ پەرەپێدانی هەستی نەتەوایەتی کورد دەوری بەرچاوی گێڕا. تا سەرئەنجام ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ئاستی ئەندامەتی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەکانی هەورامان و جوانڕۆ ئەرکی وەئەستۆ گرت و پاشان وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی حیزب لە داڵاهۆ دەوری بەرچاوی گێڕا.

بەهۆی ئەو کار و تێکۆشانە لێبڕاوانەیەی هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی بوو کە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی وەک ئەندامی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی بەهۆی باری نالەباری جەستەیی، بە موافقەتی حیزب لە دەرەوەی وڵات و لە ئاڵمان درێژەی بە ژیان و تێکۆشانی دا و وەک نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب و ڕاوێژکاری سکرتێری گشتی لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ئۆپۆزیسیونی ئێرانی درێژەی بە بەجێهێنانی ئەرکەکانی دا، و لە زۆربەی کۆڕوکۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانیدا بەشدار و لەسەر سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب پێداگر بوو.

جیا لەوە هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی لە بواری کاری ڕاگەیاندندا و بەتایبەت لە بەرنامەکانی تەلەویزیۆنی تیشکدا بە زاراوەی کوردیی کەلهوڕی و بە زمانی فارسی، سەرچاوەی خزمەتێکی بەرچاو بوو.

هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی ڕۆڵەی بنەماڵەیەکی تێکۆشەری ناوداری کرماشان بوو کە لە سەردەمی مەشروتییەت باب و مامەکانی دەوری شوێندانەریان هەبووە، هەر بۆیەش هاوڕی عەبدولڕەزا سەرەڕای هەموو تێکۆشەری و چالاکییە سیاسییەکانی خۆی وەک سیمای ناسراوی بنەماڵەیەکی ناوداری کرماشان و درێژەپێدەری ڕێبازە سیاسییەکەی ئەو بنەماڵە لە کرماشان سەیری دەکرا.

کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر کاک عەبدولڕەزا کەریمی ناسراو بە کاک ئەبوو بۆ هەموو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جێگای داخ و کەسەرێکی گەورە و بۆ بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی و مافخوازیی نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و بزووتنەوەی کورد بەتایبەتی خەسارێکی گەورە بوو.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخ بوون بۆ لەدەست‌چوونی ئەو هاوڕێ تێکۆشەرەی حیزب و نەتەوەکەمان، پرسە و سەرەخۆشی لە هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەران و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی کاک عەبدولڕەزا کەریمی و خەڵکی دەوەری کرماشان دەکات و خۆی بە بەشداری خەم و پەژارەی هەموو لایەک دەزانێ.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی کاک عەبدولڕەزا کەریمی و هەموو شەهیدانی کوردستان و ڕێگا و ڕێبازی ئازادیخوازانەیان پڕ ڕێبوار بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٣ی فوریەی ٢٠١٧ی زایینی