کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

22:49 - 17 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەبارەت بە دوایین چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دەوروبەری گوندی کۆکە لە ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان، شەڕێکی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەکدارانی سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕووی دا که زیاتر لە یەک کاتژمێری خایاندووە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەیشتووە لەو شەڕەدا ٤ کەس لە ئەندامانی سپای پاسدارانی رێژیم کوژراو وبریندار بوون.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەروەها ڕایگەیاند که پاش ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە هێزەکانی سپای پاسداران پەلاماری خەڵکی بێ‌دیفاعی ئەو ناوچەیان داوە و چەند کەسیشیان دەسبەسەر کردووه. 

هەروەها زیانێکی زۆریان به مەزراکانی کۆکە و دەروێشان و ئیسکی بەغدا گەیاندووه.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەم ناوچەیە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە تەواوەتی میلیتاریزە کراوە و هێلیکۆپتێرەکانی رێژیم بە بەردەوامی لە شاخەکانی حاجی کیمی، بێش بارماخ و کانی ئاسمان و پێمەڕەی فەرهاد دەسووڕێنەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەموو لایەک دڵنیا دەکاتەوە کە پێشمەرگەکان لە سڵامەتی تەواودان و بەسڵامەت درێژەیان بەچالاکییەکانی خویان دا.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان