کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕزگاری نەتەوەیی گرێدراوە بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو

21:16 - 16 رەشەمه 2717

مەجید حەقی

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سێ دیاردە بوونەتە هۆی باسکردن لە ڕۆڵی زیاتری ژنان لە نێو کۆمەڵگەدا: لە ئاستی نێونەتەوەییدا تەنگەژەی ئابووری، کێشەی بازاڕی کار و کارگێڕی لە ئاستی جیهانی و بەرهەمهێناندا و لە ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەشداریی چالاکانە و بەرچاوی ژنانی کوردستان بەتایبەت لە ڕۆژئاوا لە خەبات و بەربەرەکانی دژی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش. جووڵانەوەی #metoo بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئازاری جێندەری ژنان و کچان لە سەرانسەری جیهان، لەوانە وڵاتانی پێشکەوتوو. ئەم سێ دیاردەیە مژاری سەرەکی ڕۆژنامە و راگەیندنە گشتییەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆڕ و سێمینارە نێونەتەوەیییەکان بووە. ئێستە ئێمە لە ئاستی گشتیدا بینەری دیاردەیەکین کە باس لەوە دەکات چۆن گەشەکردنی یەکسانیی هاوکاری سەقامگیری، ئاشتی و پێشەچوونی کۆمەڵگا و تەناهی کۆمەڵایەتی دەبێت.

کۆمەڵگەی ماندوو، شەکەت و شەڕئەنگیزی پیاوسالاری ناتوانێت چی دیکە جیهانێکی گەشەکردوو و ئاسۆیەکی ڕوون ئاوەدان بکات. بۆیە پێویستە خۆمان لەو جیهانە پیاوسالارییە کە بە درێژایی سەدان ساڵ بووەتە هۆی شەڕ، ماڵوێرانی و لەدەستدانی هیوا و قوربانی کردنی میلیۆنان لە خەڵکی جیهان ڕزگار بکەین. جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە گەشەکردنی قوتابخانەیەکی نوێ هەیە، قوتابخانەیەک کە ئامانجی ئەو گەشەسەندنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی (رفاە اجتماعی)، گەشەی دادپەروەرانەی ئابووری و یەکسانی کۆمەڵایەتی لە نێوان هەموو پێکهێنەرانی کۆمەڵگە بێت.

بۆ ئێمە خەباتکارانی کوردستان و لایەنگرانی ڕزگاری نەتەوەی کورد دەبێ دەمێک بێت جێی پرسیار بێت: بۆچی ئاستی ژیان و خۆشگوزەرانی لەو کۆمەڵگەیانەی کە یەکسانیی کۆمەڵایەتی و دادپەروەریی ئابووری ڕەچاو دەکەن، ڕەوشیان هەموو جارێ باشترە و خەڵکەکەی هەست بە بەختەوەری زیاتر دەکات؟ لێکۆڵینەوەکان لە وڵاتانی گەشەکردوو لەوانەی وڵاتانی ئیسکاندیناوی (سوئێد، نۆروێژ، دانمارک، فینلاند و ئیسلەند) یان ژاپۆن نیشان دەدەن، کە لەو کۆمەڵگەیانەدا کە سیاسەتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و بڕیارە سیاسییەکانیان لەسەر بنەمای یەکسانی زایەندی (جێندەری) دامەزراوە، خەڵکەکەی لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا بەختەوەرتر، تەندوروستی چاکتر، خاوەنی سەقامگیریەکی زیاتری کۆمەڵایەتی، بڕوای کۆمەڵایەتی بەرز و ئاستی نزمی تاوانەکانە. لەو وڵاتانەدا ویستی گشتی و هاوبەش هەیە بۆ بەرەورووبوونەوە لەگەڵ لێگەر و چاڵشەکانی دەوروبەر جا ئەم لێگەرانە سیاسی بن وەک هەڕەشەی ڕووسیە لەسەر ئەوان، یا خود پێوەندی بە ژینگە و پاراستنی ژینگەوە هەبێت. لە لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەکاندا پێوەندی نێوان یەکسانی و تەندوروستی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت، کە هەرچی ئاستی یەکسانیی کۆمەلایەتی بەرزتر بێت، ئاستی تەندروستی کۆمەڵگە و مرۆڤەکانیش بەرزترە. بۆ نەتەوەیەک وەک نەتەوەی کورد کە لە حاڵی خەباتی ڕزگاریخوازانەیە پەرەپێدانی یەکسانی و گەشەسەندنی تەندروستی گشتیی کۆمەڵایەتی بە واتای بەهێز کردنی لەشکەری خەبات و بەهێز کردنی هێزی بەرگری لە بایەخە نشتیمانییەکانە.

لە کۆمەڵگەی کوردستان چ لە نێوخۆی وڵات بێت و چ لە دیاسپۆرا و دەرەوەی وڵات، زۆرکەس پێی وایە تەندروستی ئەو پێوەندی بە داهاتی کەسەکانەوە هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم شتە پێوەندیەکی ڕێژەیی لەگەڵ داهات و پلەی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. لە کۆمەڵگەیەک کە لەسەر کایەیەک کە کۆی دەکاتە سفر دامەزرابێت، ئێمە ناتوانین ستاتوو و پلەی کۆمەڵایەتی خۆمان بەرەو پێش بەرین.

پرسی یەکسانیی ژن و پیاو تەنیا پێوەندی بە ڕێگەدان بە بەشداریی ژنان لە بڕیاری سیاسی و وەرگرتن یان سەندنەوەی جێگا و پلەی پیاوان نییە، بەڵکوو ئەم پرسە پێشمەرجی گەشەکردنی کۆمەڵگە لە هەموو ئاستەکانی خۆی و پێشکەوتنی کوالیتی و چۆنیەتی ژیانی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بە ئێمە پیاوەکانیشەوە هەیە. لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا وڵاتانی پێشكەوتوو بە هۆی هەوڵدان بۆ پێشڤەچوونی ئاستی یەکسانیان شاهیدی بەرەو پێشچوونی ئاستی ژیان و بەختەوەریی خۆیان بووگن. ئەمڕۆ ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینین کە ئاسەواری گوڵخانەییـش نەبۆتە هۆی ڕاوەستاندنی ئاستی پێشڤەچوونی وڵاتانی گەشەکردوو و لەو وڵاتانەدا زیاترین هەوڵ دەدرێت بەشداری هەرچی زیاتری ژنان لە هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبەری و بڕیارداندا.

ئێمە تەنانەت لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی پیاوانیشەوە بێت، لانیکەم بە سێ هۆیەوە پێویستمان بە پەرەپێدانی یەکسانیی کۆمەڵایەتی هەیە:

یەکەم: نایەکسانی دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ماتریالیزم و لەنێوچوونی بایەخە مانەوی و ئینسانییەکان.

دووەم: کۆمەڵگا یەکسانەکان لە پێوەندی لەگەڵ پرسە هاوبەشەکان هەستی بەرپرسایەتی بەرزتریان هەیە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە بەرامبەر پرسە هاوبەشەکان ئاستی پشتیوانی و بەهاناوە هاتنی ئەندامانی کۆمەڵگە زیاتر بێت. لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن، کە ئەو وڵاتانەی کە یەکسانی لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا دەپارێزرێت، ڕێبەرانیان زیاتر گرینگی دەدەن بە گەشەکردنی ژینگەی ژیان و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵاتانی خۆیان.

هۆی سێهەم، دیسان پێوەندی بە ئابووری و بازرگانییەوە هەیە: ئەو کۆمەڵگەیانەی کە گەشە بە یەکسانی دەدەن، بینەری داهێنان و خولقاندنی دەرفەتی ئابووریی زیاترن. ژمارەی داهێنانە تۆمارکراوەکانی کۆمەڵگە پێشکەوتوو و یەکسانەکان لە ئاستی نێونجی کۆمەڵگەکانی دیکە زۆر بەرزترە. گەشەی یەکسانیی دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەکان ببنە جێی دەرفەتی چاکتر بۆ داهێنان و خولقاندنی هەلی کارکردن و گەشەپێدانی داهێنەرانە.

ئێمە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا قسە و وتاری زۆرمان لە پێوەندی لەگەڵ پێویستی گۆڕانی پارادایمی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا بیستوومانە.

ئێمە بیسەری زۆر وشەی جوان و بریقەداری ڕێبەران بووین، لە پێوەندی لەگەڵ لایەنگری ئەوان لە یەکسانی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا و بوونی ڕێژەیەکی کەمی ژنان لە ڕێبەریدا وەک شانازییەک بە نیوەی دیکەی کۆمەڵگە فرۆشراوە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، بەبێ گەشەپیدانی سیستماتیک، بە بەرنامە و ئامانجداری یەکسانی، ئێمە ناتوانین شاهیدی گەشەکردنی خەباتی نەتەوەیی بۆ هەموو ئاستەکانی خۆی بین. گەشەکردنی یەکسانیش تەنیا گرێدراو بە ژمارەی بەشداریی لە دەستەی بڕیاردەران نییە بەڵکوو پێوەندی بە پەروەردەی یەکسانی، خەبات دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی جێندەری و بە تاوان ناسینی ئازاری جێندەری لە ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە گرێدراوە. ئێمە زۆر بە دەگمەن لە فەرهەنگی سیاسیی کوردستانیدا شاهیدی گفتگۆ و دیالۆگی پێوەندیی نێوان گەشەکردن و یەکسانیی زایەندی بووگین. ناسینی ئەو پێوەندییەش بەردی بنەمای گۆڕینی پارادایمی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و کردنەوەی دەروازەی بەشداریی هەمەلایانانەی ژنان لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی و بەهێزکردن و خێراکردنی ڕەوتی ڕزگاری نەتەوەیییە.

ژێدەر:

Equality, Sustainability and the Quality of Life. BMJ2010;341:c5816