کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی لەسەر لەنێوچوونی ژینگەی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە

11:56 - 21 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەپیێ ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی، لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ساڵ، زۆربەی ناوچەکانی ئێران گەیشتوونەتە ئاستی وشکەساڵیی.

ڕۆژنامەی "زود دویچە تسایتونگ" ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی ژینگەی ئێران بڵاو کردووەتەوە، لەو راپۆرتەدا هاتووە، کە لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ساڵ زۆرینەی ناوچەکانی ئێران بە هۆی کەمتەرخەمی و پرۆژە ناکارناسانەکان و کەڵکوەرگرتنی نابەجێ لە سەرچاوە ئاوییەکان، گەیشتوونەتە ئاستی وشکەساڵیی و قەیران.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ڕووباری زایەندەڕوود کراوە، کە کاتی خۆی پانتایی ئەو ڕووبارە ١٥٠ متر و پڕئاوترین ڕووباری ناوەندی ئێران بووە، بەڵام ئێستە وشک بووە، لەسەر هۆکاری وشکبوونی ڕووبارەکان بەتایبەت زایەندەڕوود نووسراوە: کە کەمبارین لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا کەمترین کاریگەریی لەسەر وشکبوونی ڕووبارەکان بووە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکیی کەڵکوەرگرتنی لەڕادەبەدەر لە ئاوی ڕووبارەکان، هۆکاری سەرەکیی وشکبوونی زایەندەڕوودە.

لەسەر کەڵکوەرگرتن لە ئاوی ڕووبارەکانیش باس لەوە کراوە، کە بە بەنداو دروستکردنی ناکارناسانەی لەڕادەبەدەر، نەبوونی سیستمی وەرزێڕیی مودێڕن، ڕێژیم وشکبوونی ئێرانی خێراتر کردووە و ئاماژە بە ئامارەکانی ڕێژیم کراوە، کە وەزیری وزە باسی لەوە کردووە، کە ٣٥ میلیۆن کەس لە ئێراندا لەگەڵ هەڕەشەی کەمئاوی بەرەوڕوون.

ناکارامەییی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و سیاسەتە دژە مرۆڤانەکانی، هۆکاری سەرەکیی وشکەساڵی لە ئێرانە و جێگەی ئاماژەیە، کە ناوەندی ئیران لە کەمئاوی لە ئاستی قەیراندایە و ڕێژیم لە هەوڵدایە کە ناوچەکانی دیکەیش بە ناوی ڕزگارکردنی ناوەندی ئێران تووشی وشکەساڵی بکات، نموونەی بەرچاوی کوردستانە، کە ڕێژیم بە گواستنەوەی ئاوی زاگرۆس دەیەوێت ئەو ناوچانە لە قەیران ڕزگار بکات، بەڵام بۆی گرنگ نییە کە کوردستان تووشی وشکەساڵی ببێت.