کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەری گروپی ئەلئەشتەر خرایە لیستەی تیرۆرەوە

13:25 - 23 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕێبەری "گردانهای الاشتەر"ی بەحرەینیی وەک تیرۆریست ناساند و خستییە لیستەی داواکراوەکانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێبەری گرووپی ئەلئەشتەری بەحرەینی کە لە ئێراندا دەژیت، وەک تیرۆریست ناساندووە و گەمارۆی بەسەردا سەپاندووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی بڵاوی کردووەتەوە، قاسم عەبدوڵڵا عەلی ئەحمەد، ڕێبەری گرووپی "سرایا الاشتر" ناسراو بە قاسم المومن، وێڕای وەرگرتنی هێزە تیرۆریستەکان، پارە و چەکوچۆڵ و کەرەستەی تەقینەوەی بە گروپی سرایا الاشتەر داوە تا هێرش بکەنە سەر دەوڵەتی بەحرەین.

ناتان سیلز، ڕێکخەری کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕایگەیاندووە: "گوردانەکانی ئەلئەشتەر یەکێکی دیکە لەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەیە کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی پاڵپشتی و دنە دەدرێت".

وڵاتی بەحرەین لە ساڵەکانی پێشووتریش چەندین‎جار ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کردبوو کە دژ بەو حکوومەتە، ملیشیا شیعەکان تەیار و هان دەدات.

هەر لەو پێوەندییەدا ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی بەحرەین گروپێکی تیرۆریستی سەر بە سپای پاسدارانی ئێرانی ئاشکرا و دەسبەسەر کرد و ڕایگەیاند: "ئەو گروپە لە هێرش بردنە سەر ماشینی هێزەکانی پۆلیس دەستیان هەبووە".