کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

18:35 - 24 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: یادی ٧٣هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بنکەی سەرەکیی حیزب بەرز ڕاگیرا.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژ، لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن  لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بەتایبەت پۆلێک لە شەهیدانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەستی پێ کرد.

پاشان "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٧٣هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامێکی پێشکەش کرد.

هیجری لە بەشێکی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "حیزبی دێموكرات ئه‌و حیزبەیە‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌رزاندنییه‌وه‌ وه‌ك حیزبی گروپ، چین یان توێژێكی دیاریكراو نه‌هاتووەته‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتی خۆرهه‌ڵاته‌وه‌. له‌هه‌مانكاتدا ئه‌م حیزبە‌ ته‌نیا موڵكی ئه‌ندام و لایەنگرانی‌ نییه‌، به‌ڵكوو بووەته‌ موڵكی هه‌موو خۆرهه‌ڵاتییه‌كان؛ پێش ئه‌وه‌ی حیزبی دێموكرات له‌دایك بێ، پێش ئه‌وه‌ی وه‌ك حیزبێك پاڵپشت و كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی كۆماری كوردستان بێ، حیزبی دێموكرات ده‌رهاویشته‌ و ده‌ره‌نجامی گۆڕانێكی بونیادی بووه‌ له‌ پێناسه‌كردنی كوردبوون و كوردستانیبوون. ئه‌و گۆڕانه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی بڕیار ده‌دات كه‌ خۆی ئاودیوی جیهانێكیتر له‌ كوردبوون بكات.".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: " به‌ پێی گۆڕانه‌كان حیزبی دێموكراتیش له‌ شێوازی جیاواز بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای حیزبی دێموكرات نه‌گۆڕه‌: ماف، ناسنامه‌، خاك، وڵات، یه‌كسانی و كه‌رامه‌تی كورد و كوردستانییانه ".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕێزدار هیجری ئاوڕی لە راسانی خۆرهەڵات دایەوە و وتی: " له‌ ڕاسانی رۆژهه‌ڵاتدا حیزبی دێموكرات به‌ سه‌ر مێژوودا باز نادات، به‌ڵكوو مێژو و ئێستا به‌ ته‌واوكه‌ری یه‌ك ده‌زانێ. چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ی وجودی حیزبی دێموكرات ته‌واوكارییه‌. به‌و مانایه‌ كه‌ هه‌ر وه‌ك چۆن به‌ هاتنی حیزبی دێموكرات خه‌باتی رزگاریخوازی كورد توانی ده‌ربازی سه‌رده‌می مودێڕن بێ، به‌هه‌مان شێوه‌ش ڕاسانی رۆژهه‌ڵات وه‌ك سه‌رده‌مێك ده‌بینێ، بۆ په‌رینه‌وه‌ بۆ قۆناغێكیتر".

سەبارەت بە قۆناغی تازەی خەباتی حیزبەکەشمان ڕوو لە "شار" ڕایانگەیاند: " شارە خۆشەویست و نامورادەکانی کوردستانم، ئێوە ئەو دەریا لە بن نەهاتووەن کە شەپۆلەکانتان دوژمن توقێنە و سەرکەوتن بۆ ئێوەیە، ماسییەکانی شاخ گەرم لە ئامێز بگرن ئەوان لە نێو شەپۆلەکانی ئێوەدان، هێزیان پێ ببەخشن و هێزیان لێ وەرگرن. با شەپۆلەکانتان هەروا پڕخرۆش، هیواتان بەرز و لەشکان نەهاتوو بێ".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا ڕوو لە فریوخواردووانی دەستی دوژمن ڕایانگەیاند: " کاتی ئەوە هاتووە تف بکەن لە ژیانی سەرشۆرانە و بگەڕێنەوە باوەشی گەل و نیشتمانەکەیان. نۆکەری کردن بۆ دوژمنی گەل بەسە، ئەو رێژیمە وەفای بۆ وەفادارترین یاران و باوەڕمەندانی خۆشی نییە، بیر لە دوارۆژێکی نزیک بکەنەوە کە تەمەنی پڕ لە نیکبەتی ئەو رێژیمە کۆتایی دێ و ئەوان دەمێننەوە و خەڵکێک کە لە لایەن ئەوانەوە یان بە چاوساخی ئەوان بێحورمەتییان پێکراوە، ماڵیان داگیر و تاڵان کراوە یان خۆشەویستەکانیان کوژراون یان زیندانی کراون. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە کارێک بکەن لەو رۆژەدا بتوانن چاو لە چاوی ئەو خەڵکە زوڵملێکراوە بکەن و لەگەڵیان بژین، ئەو دەرفەتە لە دەست مەدەن".

پاشان سروودێک لەژێر ناوی "من گەلاوێژم"، لە لایەن گرووپی نەوەکانی قاسملوو  پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا پەیکەرەیەک لە "هێمای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران" ڕوونوێنی کرا، کە ئەم پەیکەرەیە لە لایەن مامۆستا "ئارام" پەیکەرتاشی بەناوبانگی شاری سلێمانی دروست کرابوو.

ئەو پەیکەرەی کە هێمای ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران بوو، لە لایەن مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، خاتوو پەیمان قلیج هاوسەری شەهید شەهاب حەیدەری و مامۆستا ئارام پەردەی لەسەر لادرا.

دواتر مامۆستا ئارامی پەیکەرتاش لە بارەی ئەم پەیکەرەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبرا باسی لەوە کرد، ئەم پەیکەرە هێمای ڕێژیمێکی دیکتاتۆرە کە بە ڕۆژانە و هەفتانه خەڵکی بێدەسەڵات و ئازادیخوازی ئێران لە سێدارە دەدات.

دواتر پەیامی یەکیەتییەکانی خوێندکاران، ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن "جەماڵ فەتحی" ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی خوێندکارانەوە پێشکەش کرا.

دوابڕگەی بەرنامەکە سروودێکی شۆڕشگێڕانە بوو، کە لە لایەن هونەرمەندان "غوڵام فاتحی و بڕوا دڵزار"ەوە پێشکەش کرا.

بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامیان پێشکەش بەو ڕێوڕەسمە کردبوو، کە بریتین لە:

ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان

ـ بزووتنەوەی گۆڕان

ـ حیزبی شیوعی کوردستان

ـ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر

ـ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان