کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی ئامریکا بەڕێوە چوو

23:38 - 30 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئامریکا ڕێورەسمێکی بەشکۆ بەبۆنەی ٢٥ گەلاوێژ ٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزب بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ ١٣٩٦ی هەتاوی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئامریکا ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بۆ ڕێزگرتن لە ٢٥ی گەلاوێژ ٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزب پێکهێنا.

سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە بە سردووی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر حەمە سدیق مەحموودی باسێکی کورتی لە سەر گرینگیی دامەزرانی حیزب پێشکەش کرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە لایەن عوسمان پاڵانی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا پێشکەش کرا، لە پەیامی کۆمیتەدا ئاوڕ لەسەر پێگەی مێژوویی حیزب و ئەرکی نەتەویی حیزبی دێموکرات لەم قۆناغەی خەباتدا شی کرایەوە.

دواتر ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لە بارەی سیاسەتەکانی حیزب و ئەرک و هەنگاوەکانی حیزب لەم قۆناغەی خەباتدا باسێکی پێشکەش کرد.

دواتر پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئامریکا لە لایەن مەحبووبە حوسێنی بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە ئامریکا پێشکەش کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕەحیم ڕەشیدی لە بارەی ڕۆڵ و پێگەی حیزبی دێموکرات لە ڕەوتی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و بایەخی بیری نەتەوەیی و گەشەی ئەو بیرە لە هەموو ئاستەکاندا قسەی کرد و وتی: ڕیفراندۆم هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی جیا لە مافێکی ڕەوا، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ شکاندن و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جیددی پشتیوانی لەو پرۆسەیە دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ناسر باباخانی مامۆستای زانکۆ لەسەر مێژووی بزوتنەوەی نەتەوایەتی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بۆ ئامادە بووان لێدوانی دا.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، هەر یەک لە موحەممەد داستان، خالید خورێنجی و موحەممەد سەلیم هۆنراوەیان بۆ یادی ٢٥ی گەلاوێژ و شەهیدانی ڕاسان پێشکەش کرد.

لەو ڕێورەسمەدا نزیک بە ٢٠٠ کەس لە هاونیشتمانانی هەر چواربەشی کوردستان بەشداریان کردبوو و تێکڕا پشتیوانی مەعنەوی خۆیان بۆ خەباتی ڕەوای حیزبی دێموکرات و ڕاسان دووپات کردەوە.

دواتر پەیامی ئەم حیزب و لایەنانە پێشکەش کران کە بە تێکرا ڕۆڵی حیزبی دێموکراتیان لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا بەرز نرخاند:
کە بریتی بوون لە: ( پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان، پەیامی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران).