کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ لە کەمپی جێژنیکان بەڕێوە چوو

19:53 - 27 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: یادی ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، لە  کەمپی جێژنیکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەرز ڕاگیرا.

هەواڵنێری کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژ، لە کەمپی جێژنیکان ڕێورەسمێک بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی  "ئەی‌ ڕەقیب"  و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان کەریم پەرویزی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد

کەریم پەرویزی، لە پەیامەکەیدا سەرەڕای پیرۆزبایی ئەم یادە پیرۆزە لە کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان و هەموو بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی، باسی لە هۆکاری گرینگیی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتدا کرد و بە حیزبی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ناوبرد، کە خەباتەکەشی لە ڕاستای دابینکردنی ژیانێکی بەختیار بۆ هەموو کۆمەڵگا بەبێ جیاوازییە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئاماژەی بە خەباتی ٧٣ ساڵەی حیزبی دێموکراتدا کرد و وتی: "حیزبی دێموکرات بە پانتایی و قووڵای هەموو کوردستانە و تەنیا حیزبێکی وا دەتوانێت لە ٧٣ ساڵ خەبات خیانەتی تێدا نەبێت".

هەروەها ناوبراو باسی لە ویستی خەڵکی کوردستان و داوای حیزبی دێموکرات کرد و ڕایگەیاند: "وەک  چەند میلیۆن کەسێک دەیانەوێت خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، دەمانەوێت خاکی خۆمان هی خۆمان بێت، وەک میلیۆنان ئینسانی دیکە دەمانەوێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان بەپێی یاسا و پەرەنسیپەکانی خۆمان بەڕێوەی ببەین، ئێمە باوەڕمان وایە دەبێت ئازاد بژین و ئازادیی تاکەکەسیمان هەبێت".

هەروەها باسی لە خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات "ڕاسان" کرد و لەو پێوەندییەدا وتی: "حیزبی دێموکرات مێژوو دووپات ناکاتەوە و فڕیشی نادات، بەڵكوو لەسەر ئەساسی مێژوو، مێژوو دەنووسێتەوە،  ڕاسان لەسەر هەمان ڕەوت بونیات نراوە و خەباتی شاخ و شاری لێك گرێ داوە، هەتاکوو هەموو چین و توێژەکان پێکەوە سەرلەنوێ نیشتمان دروست بکەنەوە".

داوای لە هەموو خەڵكی کوردستان کرد، کە لە بونیاتنانەوەی نیشتماندا بەشداربن.

بڕگەی دواتری ئەم ڕێوڕەسمە شێعرێک بوو لەژێر ناوی "ناسنامە" کە لە لایەن شاعێری پێشمەرگە "بێبەش پیرۆتیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.

پاشان غوڵام فاتحی گۆرانییەکی لەژێر ناوی "ڕاسان" پێشکەش کرد.

دواتر پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی ژنان و لاوان و خوێندکاران، لە لایەن زەکییە سدقی خوێندرایەوە.

کۆتایی ڕێوڕەسمەکە سروودێک بوو لەژێر ناونیشانی "پێشمەرگە تۆ سەنگەری" لە لایەن  نەونەمامانی هێزی ١٢٩ـەوە پێشکەش کرا.