کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک لە وڵاتی ئاڵمان بە بۆنەی ٢٦ سەرماوەز بەڕێوە چوو

21:43 - 5 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئاڵمان بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە هاوبەشی هەردوو کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سووسیالیستی کوردستان لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان جێژنی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بەرێوە چوو.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و دواتر پەیامی هاوبەشی هەردوو کۆمیتە لە لایەن ڕەشید ڕەحمانی بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان خوێندرایەوە.

لە سەرتایی پەیامەکەدا ئاماژەیەکی کورت بە مێژووی ڕۆژی پێشمەرگە و هۆکاری پێویستی دیاری کردنی ٢٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی پێشمەرگە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و پەسەند کردنی وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە پارلەمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێزلێنان و پەسەند کردنی ئەو دوو بۆنە نەتەوەییە لە لایەن پارتی سووسیالیستی کوردستانەوە درابوو.

ڕەحمانی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە کۆمەڵێک دەسکەوتی بەنرخی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دا وەک: ئازاد کردنی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە دەستی داگیرکەران، تێکشاندنی هەیمەنی داعش، ٧٢ ساڵ خەبات دژی رێژێمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی و دامەزرانی کۆماری کوردستان و سەرئەنجام دەنگی بەڵێی زیاتر لە ٩٢%ی باشووری کوردستان بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی خستە ڕوو کە بە گشتی جیهان و بەتایبەت گەلی کوردآ لە هەر چوار بەشی کوردستان شانازییان پێوە دەکات.

لە درێژەی ئەو پەیامەدا دۆخی ئیستای خەباتی گەلی کورد، لە هەر چوار بەشی کوردستان و بەتایبەتیش لە باشووری کوردستان خرایە ڕوو کە لەو پەیوەندییەدا هەردوو کۆمیتەی پارتی سووسیالیست و حیزبی دێموکرات پێداگرن لەسەر پێویستی پاراستنی یەکیەتیی نەتەوەیی و چارەسەر کردنی ئاشتیانەی کێشە و ململانێی نێوان حیزبەکانی هەر چوار بەشی کوردستان.

لە بەشێکی‌تری پەیامەکەدا ڕاسانی ڕۆژهەڵات و گرێدانی خەباتی شار و شاخ بە درێژەی بۆ ئامادەبووان شی کرایەوە و لەو پێوەندییەدا رەحمانی وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی چییەتی دژەکوردی کۆماری ئیسلامی کە وڵامی هەموو جۆرە داخوازییەکی نەتەوەی کورد بە ئاگر و ئاسن دەداتەوە، نزیک سێ ساڵە لە بڕیارێکی پێویست و مێژووییدا وەرزێکی نوێی تێکۆشان بۆ گرێدانی خەباتی شار و شاخ دەست پێکردووە کە گەلی کورد لە پێشوازییەکی بێوێنەدا ناوی ڕاسانیان لەسەر داناوە.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات بەرهەمی فیداکاری و ڕژانی خوێنی گەشی دەیان کادری زانا و فەرماندەی لێهاتوو و پێشمەرگەی قارەمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، کە خەباتی ڕۆژهەڵاتی بردووەتەوە قۆناغێکی نوێیەوە.

بڕیاری بەجێ و پێویستی حیزبی دێموکرات و قارەمانەتی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ کارتێکەری لەسەر بردنە سەرەوەی ورە و خواستی گەلی کورد بووە، کە دەتوانین ئاماژە بە خرۆشانی کوردستان لە نەورۆزی جامانەکان، خرۆشانی جەماوەری ڕۆژهەڵات بۆ پشتگیریی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، خۆپیشاندانەکانی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی لە دژی کوشتنی کۆڵبەران، حەماسەی بە هاناوە چوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان و دەوروبەر و هێنانەوەی تەرمی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی لە کرماشانەوە بۆ بۆکان بکەین و هەروەها بە پیری بانگەوازی حیزبی دێموکراتەوە هاتنی کچان و کوڕانی شۆڕشگێر بۆ پێشمەرگایەتی و خۆ ڕێکخستنی لاوانی شار لە ڕیزی پێشمەرگەی شاردا.

کۆماری تێرۆریستی ئیسلامیش بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵی پێشگیریی لە ڕاسان و شکست دانی ئەدا، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بەبێ گوێدانە هەڕەشە و گوڕەشەی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە لە ژێر ڕووناکایی بڕیاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نەتەنیا ڕاناوەستن بەڵکوو لە وەرزەکانی داهاتوودا و لە هەموو کوردستان و بەتایبەت لە شار شێلگیرتر لە جاران ڕووبەڕوویی سپای کوردکوژی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا عەلی دۆغان لە پارتی سووسیالیستی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و دواتر سەلاح کۆنەپۆشی هەڵبەستێکی بەو بۆنەوە خوێندەوە.

دواتر پەیامی کۆم ژن یەکیەتیی ژنانی پارتی سووسیالیستی کوردستان لە لایەن خاتوو لەیلا خوێندرایەوە و پاشان شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی هونەرمەندان شوانپەروەر و موعین ئەمینی تا درەنگانێکی شەو درێژەی کێشا.