کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ داوای سەفەری بۆ ئێران کردووە

18:43 - 21 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: "جاوید ڕەحمان" ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد، کە سەردانی ئێران بکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "جاوید ڕەحمان" ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ، بۆ کاروباری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، داوای کردووە سەردانی ئێران بکات و لەسەر دۆخی ماڤی مرۆڤ لەو وڵاتەدا ڕاپۆرتێکی ئامادە بکات.

داواکاریی ناوبراو بۆ سەفەر بۆ ئێران لە کاتێکدایە، کە ڕێژیمی ئێران ئیزنی سەفەری بە ناوبراو نەداوە و هەموو داواکارییەکانیشی ڕەت کراوەتەوە.

ڕێپۆرتێرەکانی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەم ساڵانەی دواییەدا بەردەوام جەختیان کردووەتەوە، کە مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە لایەن کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەوە پێشێل دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەم ڕێپۆرتێرانە، ئاماری ئێعدامەکان لە ئێراندا ڕووی لە هەڵکشان بووە. هەروەها ئازادیی بەیان زیاتر قەتیس کراوەتەوە و سەرکوتی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنیش لە ئێراندا بەرز بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە مافی زیندانییانی سیاسی و ئایینی، مافی کەمایەتییه ئایینی و نەتەوەییەکان و هەروەها مافی ژنان، بەردەوام لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانەوە پێشێل کراون.

کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. سەبارەت بە دیاریکردنی ڕێپۆرتێری تایبەتی بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، بە توندی ڕەخنەیان گرتووە و لەگەڵ ڕێپۆرتێرەکانی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری ناکەن.