کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانی ئێعترازی ڕەوەندی کورد لە نۆرویژ لەهەمبەر سیاسەتی تێرۆری ڕێژیم

18:52 - 10 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕەوەندی کورد لە نۆروێژ بۆ جارێکی دیکەش سیاسەتی تێرۆر و سەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی بە دژی تێکۆشەرانی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستانیان مەحكوم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەسەر داوای کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و رێكخراوە سیاسی و کولتوورییەکانی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی مانگی مارسی ٢٠١٨ی زایینی، ڕەوەندی کورد لە نۆروێژ، ڕێپێوانێکی ئێعترازی و هێمنانەیان، بە مەبەستی مەحکوم کردنی سیاسەتی تیرۆر وسەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان و لەقاودانی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی بیروڕای گشتی و ناوەندە بڕیاردەرەکان، بەرێوەبرد.

بەپێی ئەم هەواڵە کاتژمێر ١٢ی نێوەڕۆ، کوردستانییانی دانیشتووی نۆروێژ لە مەیدانی وێستگەی سەرەکی قەتاری ئۆسلۆ لە دەوری یەکتر کۆبونەوە و بە بەرزکردنەوەی دروشم و پلاکارتی جۆراوجۆر و درووشمدان بە شەقامە سەرەکییەکانی شاری ئۆسلۆدا، بەرەو پارلمانی نۆروێژ وەڕێکەتن.

بەپێی زانیارییەکان لە ریزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکەدا، ئاڕم و لۆگۆی هەموو حیزب و رێکخراوەکانی بەشدار بەرچاو دەکەوت؛ جگە لەوە ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهیدانی کوردستان کە قوربانی دەستی ئێعدام و تیرۆری کۆماری ئیسلامین، بەدەستی خۆپیشاندەرانەوە دەبینران.

دواتر ئاپۆڕای خەڵکەکە لە بەر دەرگای پارلمانی نۆروێژ کۆبونەوە و میتینگێکی سیاسی و ئێعترازییان بەڕێوە برد. دوای ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان خەڵکەکە پێکەوە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیبیان بەدەنگی بەرز گوتەوە.

پاشان بڕیارنامەی خۆپیشاندەران بەزمانەکانی کوردی و نۆروێژی و فارسی پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکە بەرنامەکدا فرێدی ئۆڤێستەهۆرد یەکێک لە ئەندامانی پارلمانی نۆروێژ ، پشتیوانی خۆی لە داخوازەکانی ڕەوەندی کوردی لە نۆروێژ نیشاندا و سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە دژی تێکۆشەرانی کورد مەحکوم کرد.

حیزب و رێکخراوەکانی پێکهێنەری ئەو خۆپیشاندانە بریتین لە:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
هاوڕێیانی پێشوو
رێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
پارتی ئازادی کوردستان
پارتی سەربەستی کوردستان
سازمانی دێموکراتیکی یارسان
رێکخراوی یاری کورد، یارسان
رێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان