کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانەکان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان درێژەی هەیە

14:20 - 28 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بە مەبەستی پشتیوانیی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران، لە وڵاتی ئاڵمان ڕێپێوانەکان درێژەی هەیە و حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و ئیرانییەکان بەشداریی چالاکانەیان هەیە.

لە درێژەی ڕێپێوانەکانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکان لە وڵاتی ئاڵمان، بە مەبەستی پشتیوانیی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە شاری هامبوورگ ڕێپێوانێک ئەنجام درا.

لەو ڕێپێوانەدا کە لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان و چەند ڕێکخراوەیەکی مافی مرۆڤ و مەدەنیی ئێران ڕێکخرابوو، شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتە لە وتەیەکدا ئاماژەی بە ڕاپەرینی گەلانی ئێران و هەڵسوکەوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خۆپیشاندەران و ئەشکەنجە و کوشتنی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان و بەتایبەت کوشتنی چەند گەنجی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان کرد.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە وەک گەلی کورد و بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەر لە یەکەم ساتەکانی هاتنە سەرکاری ئەو رێژێمە جەنایەتکارە، قارەمانانە بەرەوڕووی بووینەوە و هەمیشە پێداگر بووین لەسەر ئەوەی کە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی قابیلی ئاڵوگۆڕ بە قازانجی گەلانی ئێران نییە.

ئێستەش پاش چەند دەیە خەباتی قارەمانانەی گەلی کورد بە دژی ڕێژیم، بە خۆشحاڵییەوە دەبینین کە بە تێکڕا گەلانی ئێران هاتوونەتە سەر ئەو بڕوایە و بە تێکڕایی داوای ڕووخانی ئەو ڕێژیمە دەکەن، ڕێژێمێک کە سیاسەتی توتالیتاریستی و دڕندانەی دەرهەق بە گەلی خۆی پەیڕەو دەکا و لە ئاستی دەرەوەشدا بە ڕێگای دەستێوەردان لە سیاسەتی نێوخۆیی وڵاتان و پشتیوانی لە ڕێکخراوە تێرۆریستەکان، بووەتە مەترسی جیددی بۆ سەر ئاسایشی گشتی جیهان و جیهانیش پێویستە لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران و هێنانە سەرکاری حکوومەتێکی دێموکراتیکی فێدراڵ پشتیوانی بکات.

لەوەتی گەلانی ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاپەریون، لە وڵاتی ئاڵمان و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایی خۆپیشاندانی پشتیوانیی لە ڕاپەرینی نێوخۆیی وڵات بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستی پێ کردووە، کە لە هەموو ئەو حەرەکەتانەدا کۆمیتەکانی دەرەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، وەک ڕێکخەر و بەڕێوەبەری گردبوونەوەکان ڕۆڵی سەرەکیی دەگێڕن و لە ڕۆژانی داهاتووشدا درێژە بە خۆپیشاندانەکان دەدەن.