کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ پاراستنی ئەمنییەتی خۆی پەنای بۆ لات و چەقۆکێشەکان بردووە

13:27 - 20 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیم لە گوردانی ئیمام حوسەینی مەریوان، دەستی بە ناونووسی و وەرگرتنی چەقۆکێشەکان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسدارانی ڕێژیم لەو شارە دەستی کردووە بە وەرگرتنی لات و چەقۆکێش و ئەو زیندانییانەی کە بە تاوانی کۆمەڵایەتی لە زیندانەکاندان و هەروەها ئەو کەسانەی کە چەتە و ڕێگرن و خەڵک ئازار دەدەن، وەردەگرێت.

ڕێژیم یەکەمجاری نییە کە لە کوردستاندا، هەوڵی وەرگرتنی لاتەکان دەدات و لە زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ئازاردانی خەڵک دەستی کردووە بە ڕێکخستنی لاتەکان و لە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی خەڵک و خۆپیشاندانەکان، ئەرکیان سەرکوتکردن، لێدان، ئازار و هەڕەشەکردن لە خەڵک دەبێت.

هەروەها ڕۆژانە لە نێو شارەکان بۆ سیخۆڕی و هەڕەشەکردن لە خەڵک و چالاکانی مەدەنی کەڵکیان لێ وەردەگرێت و هەوڵی شڵەژانی فەزای شارەکان و تێکدانی ئەمنیەتی گیانی و ڕەوانی خەڵک دەدەن.