کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بەردەوامە لە میلیتاریزەکردنی زیاتری ناوچەی بۆکان

11:47 - 18 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: پاش شەڕی پێشمەرگەکانی کوردستان لەگەڵ چەکدارانی سپای پاسداران لە ناوچەی بۆکان و دەورووبەری کە بەهۆیەوە چەندین پاسداری سپا کوژران، سپای پاسداران لە هەوڵی میلیتاریزەکردنی زیاتری ئەم ناوچەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ١٠ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕ هێزێکی زۆر بە هەموو کەرستەیەکی نیزامییەوە لە بۆکانە بەرەو ئاواییەکانی کۆکە و دەروێشان و چواردیوار و دێهاتەکانی دەورووبەر وەڕێ کەوتوون.

بەپێی ئەم هەواڵە، دوابەدوای چالاکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاواییەکانی کۆکە و دەورووبەر کە لە ئەنجامدا چەندین ئەندامی سپای پاسداران کوژران و بریندار بوون، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هێزێکی زۆری سپای تیرۆریستی پاسداران و خۆفرۆشەکانی سەر بە ڕێژیم بە کەواوپاتۆڵی خاکی و ئاغابانوو بەسەرەوە بەرەو ئەو ناوچانە وەڕێ کەوتوون.

بەپێی زانیارییەکان ئامانجی ئەو جاشانە ئەوەیە بەو شێوازە پۆشینە خۆیان بە هێزی پێشمەرگە بناسێنن و بەو شیوەیە زانیاری لە شوێنی مانەوەی پێشمەرگە کۆ بکەنەوە.

بەپیی زانیارییەکانی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەوی ڕابردوو هێلیکۆپتێرەکانی رێژیم بە بەردەوامی لە شاخەکانی حاجی کیمی، بێش بارماخ و کانی ئاسمان و پێمەڕەی فەرهاد سووڕاونەتەوە.