کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هەواڵی درۆ لەسەر کوژراوەکانی بۆکان بڵاو دەکاتەوە

13:17 - 19 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەبارەت بە تێکهەڵچوونەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سپای پاسداران، هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم هەواڵی درۆ لەسەر کووژراوەکانیان بڵاو دەکەنەوە.

بەمەبەستی ورەبەخشین بە چەکدارە زراوچووەکانیان و شاردنەوەی ڕاستییەکان، هەواڵدەرییەکانی سەر بە رێژیم لەوانەش کاناڵی "زریان" دەنگی بۆکان، لە هەواڵێکدا ڕووداوی چەند ڕۆژ پێشی بۆکانیان چەواشە کردووە کە تێیدا چەندین ئەندامی سپای پاسداران و چڵکاوخۆری سەر بە ڕێژیم لەلایەن پێشمەرگەکانی کوردستانەوە کوژران و بریندار بوون.

لەم چەواشەکارییەدا کە بووەتە جێگەی گاڵتە و پێکەنینی خەڵک، بەتایبەت لەو ناوچەیە کە تێکهەڵچوونەکە هاتبووە ئاراوە، هاتووە: ئەم پاسدارانە لە کاتی گەشت لێدان تووشی ڕوداوی هاتوچۆ بوون و بە ئەسپایی بریندار بوون!

لەلایەکی دیکەشەوە یەکێکی دیکە لە ماڵپەڕەکانی سەر بە ڕێژیم کە ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە چاودێری دەکرێت، لە هەواڵێکی چەواشەدا ڕایگەیاندووە کە سپای پاسداران پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی شەهید کردووە کە ئەم هەواڵە بە تەواوی دوورە لە ڕاستی.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەند ڕۆژ پێش ڕایگەیاند: ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دەوروبەری گوندی کۆکە لە ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان، شەڕێکی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەکدارانی سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕووی دا که زیاتر لە یەک کاتژمێری خایاند و تێیدا ٤ کەس لە ئەندامانی سپای پاسدارانی رێژیم کوژران و بریندار بوون.