کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم پێشی بە بەڕێوەچوونی ساڵیادی کۆچیدوایی شاملووی شاعێر گرت

18:20 - 3 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی ئێران، پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆچی دوایی شاملوو گرت.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێگایان نەدا، کە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی شاملوو لە ڕۆژی کۆچیدوایی ناوبراودا بەڕێوە بچێت.

سەرچاوە هەواڵدەرییەکان باس لەوە دەکەن، کە هێزەکانی ڕێژیم، لەسەر گۆڕی ناوبراودا بڵاوەیان بە لایەنگرانی ئەم شاعێر فارسزمانە کردووە و نەیان هێشتووە ڕێز لەم شاعێرە بگرن.

ئەحمەد شاملوو، شاعێری نوێخواز، نووسەر، ڕۆژنامەوان و وەرگێڕی زمانی فارسی بووە، کە خاوەن چەندین بەرهەم لە بوارەکانی شێعر، نووسراوە و وەرگێڕانە، ناوبراو لە ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی، لە شاری تاران لە دایک بووە و لە ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی، بە هۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە کۆچیدوایی کرد.

شایانی باسە، ئەم شاعێر فارسزمانە پێوەندییەکی باشی لەگەڵ مامۆستا شێرکۆ بێکەس، شاعێر نەتەوەییی کوردەوە بووە و چەندین جار یەکتریان دیوە و تەنانەت لەم دوو کەسە وەکوو ئێمپراتۆری شێعری کوردی و فارسی باس دەکرێت.