کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی تاران دەستی لە سیخوڕیی سایبریدا هەیە

12:04 - 6 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی زانیاریی ئامریکا ئاشکرای کردووە، کە جگە لە چین و ڕووسیە، ڕێژیمی ئێرانیش لە بواری سیخوڕیی سایبریدا چالاکی دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی زانیاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێژیمی ئێران، چین و ڕووسیە لە بواری سیخوڕیی سایبریدا چالاکن و ڕێژیمی تاران لە هەوڵدایە، هەتا بە دزینی زانیاریی نهێنیی وڵاتان، توانایی خۆی لە بوارەکانی چالاکیی بازرگانی، سەربازی و ئاسمانی بەهێزتر بکات.

لە نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی زانیاریی ئامریکا، سێ وڵاتی چین، ڕووسیە و ئێران بە چالاکی بەرینی سایبری، بە مەبەستی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاریی نهێنیی کەسایەتییەکان و هەروەها دامەزراوەکانی ئامریکایی تۆمەتبار کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشێتدپرێس، چینییەکان زیاتر حەزیان لە زانیاری سەبارەت بە سەنعەتی موهەندیسی، پێوەندییەکان و زانست و تاکتیکە ئاسمانییەکانە، هەکێرە ڕووسیەکان زیاتر کۆمپانیاکانی وزی ئامریکا دەکەنە ئامانج و هەکێرە ئێرانییەکانیش بەدوای زانیاریی بۆ تەواوکردنی پرۆژە مووشەکی و هەواییەکانی خۆیان‎ دەگەڕێن.

لەو بارەوە ناوەندی ئەمنییەتی نەتەوەییی ئامریکا ڕایگەیاندووە: "سیخۆڕیکردن لەسەر کەرتی ئابووری و سەنعەتی زۆر مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی جیددی و بەردەوامە لەسەر سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵپەڕ و کۆمپانیا هەوافەزاییەکانی ئامریکا، لە هەوڵی ئەوەدا بوونە، هەتا کەموکۆڕییەکانی خۆیان لە بواری زانیاریی نوێ پڕ بکەنەوە.