کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئیسلامی و کولتووری بێ‏ئەخلاقی

20:28 - 24 بەفرانبار 2715

کەریم پەرویزی

کاتێک کە باس لە ئەخلاق دەکرێ، بە وتەی بیرمەندان و خاوەن هزرەکان، کۆمەڵێک ڕێوشوێن و ڕێسا و پێوەر لە زەینی مرۆڤدا وێنا دەکرێن کە، تان‏وپۆی کۆمەڵگایان پێ تەنراوە و ڕەنگاڵە و پەت و گرێچنەکانی کۆمەڵ بەپێی ئەو نەزم و ڕێسایانە، بەدەوری نەخشەیەکدا چنراون کە لە نما و سیمای گشتیدا، دیاردەیەک و دەرکەوتەیەک بەناوی شوناس و سیمای کولتووری و فەرهەنگیی ئەو کۆمەڵگایە، بە دیتران نیشان دەدا.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەخلاق بریتییە لە دەستەواژە و زمان و ڕستە و وشە و هارمۆنیی ڕەفتاریی نەتەوە و کۆمەڵگایەک کە بینەر و بەردەنگی دیکە، بەوانەوە ئەو کۆمەڵگا و نەتەوەیەی پی دەناسنەوە، هەر بۆیە کاتێک ناوی نەتەوە و کۆمەڵگایەک دەبرێ، لە کۆنەستی مرۆڤدا، بەبێ یەک‏ودوو کردن، هەندێک زەینیەتی پێشووی دێتە بەرچاو.

بۆ وێنە هەر کە ناوی نەتەوەی ژاپۆنی دەبرێ، لە زەینی بەردەنگدا، ڕێکوپێکی و دیسیپلین دێتە پێشەوە و خۆی دەنوێنێ. یان کە باس لە گەلی موغۆل دەکرێ، لە زەینی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، موغۆل یەکسان دەبێ بە شمشێر و خوێنڕشتن.

ساڵانێکی دوور و درێژ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە پەلەقاژە و پیلان و چەواشەکاری، هەوڵیان داوە کە سیمای ڕێژیمی عەدڵ و داد لە خۆیان نیشان بدەن و وەک خۆیان دەڵێن بە ئومولقورای ئیسلامی بناسرێن و سیمایەکی نوورانی لە ڕێبەری ڕێژیم نیشان بدەن کە ئەوەندە لە نێو شتە ئیلاهی و دینییەکاندا ڕۆچووە و ئەوەندە لە خەمی هەژاران و دینداران‏دایە، نوور لە سیمای دەبارێ.

ئەمە ویست و خولیای ڕێژیمی ئیسلامیی تارانە کە دەیەوێ وای ببینن، بەڵام ئایا لە ڕاستیدا خەڵکیش وای دەبینن؟ ئایا نەتەوەکانی ئێران خامنەیی و ڕێژیمەکەی بە شتێکی نوورانی دەبینن؟ ئایا گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵات، ڕێژیمی ئێران بە ڕێژیمی مێهر و دۆستی و ئاشتی دەبینن؟ ئایا خەڵکی جیهان ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی بە ڕێژیمی داد و دادپەروەری و پاراستنی کەرامتی مرۆڤ و پارێزەری ئاشتیی جیهانی دەبینن؟

هەر تاکێکی کوردستان کە ناوی خامنەیی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی لێ ببەی، تیرۆر و هەڕشە و سێدارە لە چاوانیدا دەبینی. تاک بە تاکی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران ناوی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زیندان و ئەشکەنجە و زەندەق‏بردندا هاوتا دەبینن.

دوای ساڵانێکی بەردەوام کە بەرپرسانی ڕێژیم باسیان لە ئەخلاقی ئیسلامی کردووە، ئێستا هەر تاکێکی نێو ئێران گەر تەنیا چەند خولەکێک لە نێو ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمدا بە دوای وتە و لێدوانی ئایەتوڵڵاکانی مودەعیی ئەخلاقدا بگەڕێ، لەگەڵ دنیایەکی سەیر و سەمەرە لە بێ‏ئەخلاقی و سووکایەتی و بێ‏ڕێزی بەرەوڕوو دەبێ.

ئەوانەی بەرپرسی ئاستی هەرە سەرەوەی ڕێژیمن، بە ڕەقیب و ڕکەبەرەکانیان دەڵێن: دز، عارەق‏خۆر، گەندەڵ، بێ‏بەسیرەت، سەرلێ‏شێواو، بێ‏عەقڵ، سادەلەوح، فریوخواردوو، درۆزن، بێ‏حەیا و .... بەرپرسانی ڕێژیمیش کە لە سەر خەڵک قسە دەکەن، یان بە خەس و خاشاک، یان بە ئامرازی دەستی بێگانە ناویان دەبەن، یان وەکوو ئاغای ڕووحانی پێیان دەڵێن ترسەنۆک و بێ‏ناسنامە.

ئاغای خامنەییش کە ڕێکوردداری سووکایەتی و بێ‏ڕێزی کردن بە هەموان و بەتایبەت نزیکترین کەسەکانی خۆی لە نێو ڕێژیم‏دایە. دیارە کە بناغەی سووکایەتی و بێ‏ڕێزی و حورمەت شکاندن و بێ‏ئەخلاقی لەم ڕێژیمەدا خومەینی داینا و ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە، ڕێبوار و درێژەپێدەری ڕاستەقینەی ئەو سەرچاوەی بێ‏ئەخلاقیەن کە هەر ڕۆژە بە دوای وشە و دەستەواژەی تازەتردا دەگەڕێن تا یەکیتری پێ سووک بکەن.

بەم پێیە گەر باس لە ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران دەکرێ، سیمای ڕێژیم و گرووپێکی لێوانلێلو لە سووکایەتی و بێ‏رێزی، کە هیچ دەروەستییەکیان تەنانەت بەرانبەر بە نزیکترین یارانی خۆیان نیە، وێنا دەکرێ و لە زەینی بینەر و بەردەنگدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بووە بە سەمبۆلی بێ‏ئەخلاقی.